له‌ سلێمانی گژوگیا بەھارییەکان دەبنە سەرچاوەی داھاتی سەدان کەس


لەنێو بازاڕی شاری سلێمانی چەندین جۆر گژوگیای سروشتی جۆراوجۆری بەھارە خراونەتەڕوو بۆ فرۆشتن و لەلایەن کاسبکارانەوە ھاواریان بۆ دەکرێت و کڕیاران بۆ خۆیان رادەکێشن.

لەسەر شەقامەکان چەندین ئافرەتی بەتەمەن ھەیە کە لە رێگەی فرۆشتنی ئەو گژوگیا سروشتییانەوە سەرچاوەی بژێوی ژیانی رۆژانەی خۆیان دابین دەکەن، ئەوان رۆژانە دەیان کیلۆمەتر دەبڕن بۆ دەستخستنی ئەو گژوگیایانە لە شاخ و دەشتەکانی دەرەوەی سلێمانی و بە زەحمەتێکی زۆر ئەو گژوگیایانە دەست دەخەن، دواتر دەیانھێننە بازاڕ بۆ ساغکردنەوەیان.

ھاتنی وەرزی بەھار ئەم گژوگیا بەھارییانە دەبنە خوانی سەر سفرەی زۆرێک لە ماڵەکان، ئەو جۆرە خواردنانەش جگە لە تام و چێژ و بۆنە تایبەتەکەی لە رووی تەندروستیشەوە وەک پزیشکان ئاماژەی بۆ دەکەن سوودی گەورەی تەندروستییان بۆ جەستەی مرۆڤ ھەیە.

ھەڵکەوتەی جوگرافی ھەرێمی کوردستان و ئاووھەواکەی شوێنێکی لە بارن بۆ روانی ئەو گژوگیایانە ، لەوانەش کەنگەر، گۆزروان، گێلاخە، پونگە، پیشۆک، رێواس، پیچک، دومەڵان، قارچک، پیشۆک و دەیان جۆر رووەکی تر کە لەم وەرزەدا بازاڕەکانی کوردستان پڕ دەکەنەوە.

ئاراس عەلی ماوەی ٢٥ ساڵە لە بازاڕی شاری سلێمانی کار دەکات و لە وەرزی بەھاراندا تەنھا گژوگیا بەھارییەکان دەفرۆشێت، ئەو وتی: “لەگەڵ ھاتنی وەرزی بەھاردا کۆمەڵێک گژوگیا سەرھەڵدەدەن لە گۆزروان و گێلاخە و چاوبازە و قارچک و کەنگر و ئەوانەی تر، ئەمساڵ بە ھۆی باران بارینی زۆر و کەشوھەواوە کەنگر زووتر سەوز بووە”.

ئاراس وتی: “ئەم گژوگیایانە لەسەرەتای ھاتنیانەوە خواستی زۆریان لەسەرە و ھاووڵاتییان داوای دەکەن، نرخەکانیش گۆڕانیان بەسەردا دێت بەنموونە کەنگر لەسەرەتاوە یەک کیلۆگرامی بە چوار ھەزار بوو، بەڵام ئێستا دوو کیلۆی بە پێنج ھەزار دینارە”.