بەمەبەستی بەھێزکردنی کارە بازرگانیەکان و ھاندانی بازرگانانی سلێمانی بۆ بەشداریکردن لەگەڵ کارە بازرگانی و پیشەسازیەکان سەرۆکی یەکەی ئابووری باڵوێزخانەی بولگاریا لە عێراق سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕۆژی دووشەممە ٣/٤ پێشوازی کرد لە ڤاسێڵ ڤاسیلوڤ سەرۆکی یەکەی ئابوری باڵوێزخانەی بولگاریا لە عێراق، کەبەمەبەستی ئیمزاکردنی ئەنجامدانی پرۆتۆکۆڵێکی کارکردن و بەھێزکردنی کاری بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ ژووری بازرگانی شاری سلێمانی ئەنجام بدەن سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەکۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند” شاری سلێمانی لەڕوی پیشەسازی و بازرگانی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزارەوە یەکێکە لەشارە پێشەنگەکانی عێراق کە توانیویەتی پێشکەوتنی گەورە بەخۆیە بدینێت لە ٪٣٠ پیشەسازی عێراق لەشارگ سلێمانیە وە زیاتر لە ١٣ ھەزار خانوی پلاستیکی لەشاری سلێمانی بەروبومی کشتوکاڵی وەرزی بەرھەم دەھێنن وە چەندین ناوچەی گەشتوگوزاری سەرنج ڕاکێشمان ھەیە لە ھەرچوار وەرزەکە گەشتیاری خواروی عێراق سەردانی دەکەن”.
ڕاشیگەیاند “بازرگانانی شاری سلێمانی بەشێوەیەکی بەرفراوان کار لەگەڵ ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ووڵاتانی عەرەبی دەکەن کە توانیویانە لە تەواوی ووڵاتانی ئەوروپا بەرھەمی باش و کوالێتی بەرز بھێننە تەواوی عێراق و ھەرێمی کوردستان، وە کاری ھاوبەشی بازرگانی و پیشەسازیش لەگەڵ بولگاریا ئەنجامدەدرێت کە پێویستە پرۆتۆکۆڵی ھاوبەشی کارکردن لە نێوانماندا ھەبێت”.
ڤاسێڵ ڤاسیلوڤ، سەرۆکی یەکەی ئابوری باڵوێزخانەی بولگاریا لە عێراق، سوپاسی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیکرد بۆ ئەو زانیاریانەی لەڕوی کاری بازرگانی و ئابوریەوە پیداوە داوایکرد کە پرۆتۆکۆڵێکی کاری ھاوبەش لەنێوان ھەردولادا واژوو بکرێت تا بتوانن ھەردولا بەشاندی بازرگانی و پیشەسازی بازرگانان ئاشنای یەکتری بکەن.