پڕۆژەی رێكخستنی كاری تاكسی لە شاری سلێمانی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە



پڕۆژەی رێكخستنی كاری تاكسی لە شاری سلێمانی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە هەنگاوی یەكەمدا تاكسی ناوشار و دەرەوەی شار جیادەكرێنەوە.

سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی رایگەیاند:” پڕۆژەی رێكخستنی كاری تاكسی لە شاری سلێمانی سەرجەم قۆناغەكانی بڕیوە و تەنها رەزامەندی پارێزگاری ماوە، بۆئەوەی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد:”پڕۆژەی رێكخستنی كاری تاكسی لە سێ قۆناغ پێكدێت، بە جۆرێك لە قۆناغی یەكەمدا ئەو تاكسیبانەی كە هەڵگری تابلۆی سلێمانیین لەزگەی شینیان لێدەدرێت، بۆئەوەی جیابكرێنەوە لەو تەكسیانەی كە هەڵگری تابلۆی پارێزگای سلێمانی نین”.

لە قۆناغی دوەمیشدا هەموو تەكسیەك كارتی كاركردنی گواستنەوەی بۆ دەردەكرێت، بۆ ئەوەی كە ژمارەی تەكسییەكان زیاد نەكات، ئەوەی كارتی كاركردنی بۆ نەكرێت رێگەی پێنەدرێت كە كاری تەكسی بكات.

بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی رونیكردەوە: “لە قۆناغی سێیەمدا ئەو كەسانەی كە كاتی كاركردنیان بۆ دەردەكەین دابەشیان دەكەین بە سەر 100 وێستگەدا و هەر وێستگەیەك ژمارەیەك تاكسی بەپێی پێویستی گەڕەك و شوێنەكان دادەنێین و هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندییان پێوەبكەن، ئەوەش لەڕووی كۆمەڵایەتی و ژینگە و كەمكردنەوەی قەرەباڵغی شەقامەكان و ئەمنییەوە سودی بۆ هاووڵاتیان دەبێت”. وەك  ماڵپەڕی خەندان بڵاویكردووەتەوە.

سدیق محەمەد ، باسی لەوەشكرد:” وێستەگەی تاكسییەكان دەدرێنە كۆمپانیایەك، بەڵام ئەمە لە سودی شۆفێرانی تاكسیشە، چونكە شۆفێری تاكسی ئێستا كاتێكی زۆر بەشەقامەكاندا دەگەڕێت تاوەكو كاری دەستدەكەوێت، بەڵام كاتێك لە وێستگەی تەكسی هەبێت، هاوڵاتی خۆی پەیوەندییان پێوەدەكات و نرخی خەتەكەشی بەرزدەبێتەوە”.