نرخی گه‌شتی عه‌مره‌ له‌چاو ساڵانی پێشتر دابه‌زیوه‌

خاوەن کۆمپانیایەکی گەشتی حەج و عەمرە لە ھەرێمی کوردستان نرخی گەشتی عەمرە لە ئەمساڵدا، نزیک بە ٢٠٠ دۆلار کەمترە لە ساڵانی پێشتر.

وەرزی گەشتی عەمرە بەچڕی دەستیپێکردووە و پشووەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بۆ فەرمانبەران لە پاڵ ھەرزان بوونی نرخی گەشتەکە و چەند ھۆکارێک لەپشت ھۆکاری زیادبوونی گەشتی عەمرەوەن.

لە نووسینگە و کۆمپانیاکانی گواستنەوەی عەمرەکاران بۆ ئەنجامدانی گەشتی عەمرە چەندین کەس سەرقاڵی ناونووسین و خۆ تۆمارکردنن بۆ ئەوەی گەشتی عەمرە ئەنجام بدەن، نرخی عەمرەش لە ئەمساڵدا لە نێوان ٧٠٠ بۆ ٧٥٠ دۆلاری ئەمریکییە (لە نێوان ٨٤٠ بۆ ٩٠٠ ھەزار دیناری عێراقی).

لەو کاتەی کە چووینە کۆمپانیاکانی سعوودیە و مسک ئەلحەرەم کە تایبەتن بە ئەنجامدانی گەشتی حەج و عەمرە چەند کەسێک سەرقاڵی خۆتۆمارکردن بوون بۆ ئەوەی لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا ئەو گەشتە ئەنجام بدەن.

خاوەنی ھەردوو کۆمپانیای سعوودیە و مسک ئەلحەرەم، عەبدوڵڵا محەمەد مەجید دەڵێت “لەو وەرزەدا خەڵکی ھەرێمی کوردستان روویان لە بەجێ گەیاندنی گەشتی عەمرە کردووە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە لەم وەرزەدا و بەتایبەت لە مانگی ئاداردا چەندین رۆژ پشوو ھەن و ئەو ھەلە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران بەگشتی رەخساوە بۆ ئەوەی بۆ عەمرە بڕۆن”.

ھەروەھا دەشڵێت “لەئەمساڵدا نرخی عەمرە بەگشتی دابەزیوە بەرارود لەگەڵ ساڵانی رابردوو، واتە نزیکەی ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ دۆلار لەچاو ساڵانی تر کەمتر بووە و نرخی گەشتی عەمرە لەئەمساڵدا، گەیشتووەتە ٧٠٠ بۆ ٧٥٠ دۆلار لە کاتێکدا لە ساڵانی پێشوو نرخی ئەو گەشتە لەنێوان ٩٠٠ بۆ ٩٥٠ دۆلار بووە”.

سەبارەت بە ھۆکاری دابەزینی نرخی عەمرەشەوە وتی: “بەگشتی نرخی ھۆتێلەکان لە سعوودیە دابەزیوە و ئەوەش وایکردووە ئێمەش نرخەکان دابەزێنین، چونکە ئێمە لەنێوان کۆمپانیاکان کێبڕکێ لەسەر نرخ دەکەین”.

وتیشی: “ھەروەھا لەئێستادا کەمێک باری ئابووری خەڵکی ھەرێمی کوردستان باشتر بووە بەراود بە چەند ساڵی رابردوو، بەتایبەت چینی فەرمانبەران و مامۆستایان مووچەکانییان گۆڕانکاریی بەسەرداھاتووە و باشتر بووە، بۆیە بەشێک لەو خەڵکەی کە ناتوانێت پڕۆسەی حەج بەجێ بگەیەنێت و بەریناکەوێت دەچنە عومرە”.

سەبارەت بە دابەزین و کەمبوونەوەی نرخی عەمرەش، عەبدوڵڵا محەمەد مەجیدروونی دەکاتەوە “ھۆکاری دابەزینی نرخی عەمرە ئەوەیە ئەمساڵ وڵاتی سعوودیە رسوماتی خستووەتە سەر ئەو کەسەی بۆ جاری دووەم دەچێت بۆ عەمرە، واتە ھەر کەسێک لە مانگەکانی ١١ و ١٢ی ساڵی ٢٠١٦یان ساڵی ٢٠١٧یان و ساڵی ٢٠١٨ ئەگەر رۆیشتبێت بۆ عەمرە ئەوا رسوماتی دەکەوێتە سەر و ٥٣٥ دۆلاری خستووەتە سەر، ئەمە بۆ خەڵکی ھەموو وڵاتانی دنیایە، بۆیە ئەوەش وایکردووە کە نرخی هوتێلەکان دابەزێت، چونکە کۆمپانیایەکی زۆریش کراوەتەوە و رکابەرایەتیی زیاتر ھاتووەتە کایەوە لەسەر ئەو پرسە”.

گەشتی عەمرە لە ئایینی ئیسلامدا یەکێکە لەو کارانەی بە سوننەتی پێغەمبەری ئیسلام دادەندرێت، بەڵام حەج فەرزە، عەمرە ھەر موسڵمانێک کە باڵق و عاقڵ بێت دەتوانێت لەھەرکاتێکی ساڵدا بێت ئەنجامی بدات، بەڵام بە باشتر زاندراوە ئەو کارە لە وەرزی رەمەزاندا ئەنجامبدرێت.

بە ھۆی ئەوەی گەشتی حەجکردن لە ھەرێمی کوردستاندا چەند ساڵێکە لە رێگەی تیروپشکەوە ئەنجام دەدرێت، بۆیە خەڵکانێکی زۆر چاوەڕوانی ئەو گەشتە دەکەن و ھی وا ھەیە چەند ساڵێک چاوەڕوان دەبن، بۆیە زۆر جار بەشێک لەوان لە بری حەجکردن گەشتی عەمرەش دەکەن.

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نەبەز ئیسماعیل رایگەیاند “نرخی عەمرە لە لایەن وەزارەتی ئەوقافەوە دیاری ناکرێت، بەڵکو کێبڕکێی کۆمپانیاکان ئەو نرخە دیاریی دەکات، بەگشتیش لە ئەمساڵدا نرخی عەمرە لەچاو ساڵانی پێشووتر کەمترە”.

وتیشی: “ھۆکاری کەمبوونەوەی نرخی عەمرە لە ئەمساڵدا ئەوەیە نزیکەی ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ کۆمپانیا لە سعوودیە دامەزراون بۆ ئەو مەبەستە و ئەوانیش ھەریەکێکیان بۆیان ھەیە لەگەڵ نزیکەی پێنج کۆمپانیا گرێبەست بکەن”.

ھەروەھا ئەوەشی وت کە ھۆکاری دیکەش لە پشت کەمکردنەوەی نرخی گەشتی عەمرەیە و وتی: “داشکاندنی نرخەکان بۆ راکێشانی گەشتیار و خەڵکی زیاترە بۆ گەشتی عەمرە، کردنەوەی ھێڵی ئاسمانی، ناس سعوودیە و ھەروەھا کێبڕکێی نێوان کۆمپانیاکان خۆیانە وایکردووە لە ئەمساڵدا نرخ لەچاو ساڵانی تر کەمتر بێت”.

نەبەز ئیسماعیل باسی لەوەشکرد کە ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان لەنێوان ١٩ بۆ ٢٠ ھەزار کەس گەشتی عەمرە ئەنجام دەدەن، ھەروەھا نزیکەی ١٠٠ کۆمپانیا لە ھەرێمی کوردستان حاجی دەگوازنەوە”.