ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆكاری پێنەدانی پێشینە بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و ئەو مەرجەش باس دەكات كە بەهۆیەوە هاووڵاتی دەتوانێت پێشینەكان وەربگرێت.
شێروان میرزا، پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڕاگەیاندوه: “حكوومەتی عێراق بەبڕی جیاجیا و مەرج و ڕێنمایی تایبەت پێشینەی خانوبەرە و هاوسەرگیری، قەرز لە ڕێگەی لقەكانی بانكی ڕەشید و ڕافیدەینە دەداتە مووچەخۆران، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو دوو بانكانە لقیان لە هەرێمی كوردستان نییە، ئەو قەرز و پێشینانە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە”.
وتیشی: “ئەو دوو بانكە لقیان لە چەن شارێكی عێراق هەیە و هەركات لقیان لەهەرێمی كوردستان كردەوە، مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیش دەتوانن لەو قەرز و پێشینانە سوودمەندبن”.
شێروان میرزا باسی ئەوەشی كرد كە مەرجێكی دیكەی سوودمەندبونی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەو قەرز و پێشینانە ئەوەیە كە دەبێت موڵكیان لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەبێت بۆ ئەوەی لە بەڵێننامەی گەڕاندنەوەی قەرزەكە پشتی پێببەسترێت.