لە بازاڕەکانی سلێمانیدا بازاڕی خواردن و بەرهەمە خۆماڵییەکان گەرمە، خەڵک وردە وردە پشت لە بەرهەمە بیانییەکان دەکەن و ڕوو لە کڕینی بەرهەمە خۆماڵییەکان دەکەنەوە.
خواردن و کاڵای بیانی هەرچەند بازاڕی تەنیبێت، نەیتوانیوە لە بەهای خواردنە خۆماڵییەکان کەم بکاتەوە، ئەگەرچی ئەمڕۆ کەمتر پەرە بە بەرهەمهێنانی بەرهەمی ناوخۆییش دەدرێت، بەڵام خەڵک هێشتا بە تامەزرۆییەوە ڕوو لە کڕین و بەکارهێنانیان دەکەن.
بەلای خەڵکەوە خواردن و بەرهەمی خۆماڵیی، سروشتیی و بێ زیانن، بەوپێیەی لە بەرهەمهێنانیاندا کەمتر ماددەی کیمیایی بەکاردەهێندرێت و ئاسوودەترن لە بەکارهێنان و خواردنیان.
یەک لەو بازاڕانەی کە خواردن و بەرهەمی خۆماڵیی تێدا دەفرۆشرێت، بازاڕی سلێمانییە، لەم بازاڕەدا خواردنە وشەکەکانی وەک ساوەر، برنج، ماش، هەنجیر، قەیسی، کەشک، دۆینە، گوێز، کونجی و دەیان جۆر خواردنی دیکە دەفرۆشرێن، لە بەیانی هەتا ئێوارەش خەڵک لەم بازاڕدا لەو بەرهەمانە دەکڕن.
محەمەد جەزا کاکی، ٢٩ ساڵە دوکانی وشکەفرۆشیی هەیە لە سلێمانی، دوکانەکەی دەکەوێتە چەقی بازاڕەوە، لە دوکانەکەی ئەودا دەیان جۆر خواردنی وشکە هەیە، بەشێکی کاڵاکانی دوکانەکەی لە خواردن و بەرهەمی کوردەواریی پێکدێت، وەک ئەوەندەی ئەو چاودێریی کردووە، ئێستا خەڵک زیاتر ڕوو لە کڕینی بەرهەمە خۆماڵییەکان دەکەن و خواستیان لەسەری هەیە.
ئەو بەشێکی ئەو خواردنانە دەستنیشان دەکات، کە زیاتر خواستی خەڵکیان لەسەرە: ئێستا زیاتر خواست لەسەر ساوەری خۆماڵی و ماش و گوێزی خۆماڵی هەیە، تا ڕادەیەک خەڵک دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو.
ئەو بەرهەمە ناوخۆییانەی کە لە دوکانەکەی محەمەد-دا دەفرۆشرێن، بەشێکی زۆریان لە ناوچەکانی شارباژێڕ، پشدەر، شارەزوور و گەرماینەوە بەرهەمدەهێندرێن، “بۆ نموونە برنج لە ناوچەی دەربەندیخان زیاتر بەرهەمدەهێندرێت، دۆینە زیاتر لە گەرمیان و پێجوێن دەکرێت و بۆمان دەهێندرێت”.
هەمیشە خواردن و بەرهەمە خۆماڵییەکان ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی هاوڵاتیان دەبنەوە، کە ئەویش بەرزیی نرخەکانیانە لەچاو خواردن و بەرهەمە بیانییەکان، ئەمەش هاوڵاتیان و دوکانداران بۆ کەمیی دەستی کاری ناوخۆیی و بەرهەمە ناوخۆییەکانی دەگێڕێنەوە، بەڵام ئەم ڕەخنەیەش خەڵکی لە کڕینی بەرهەمە ناوخۆییەکان دوورنەخستووەتەوە.
هەر لە بازاڕی سلێمانیدا دوکانێکی دیکە هەیە تایبەتە بە فرۆشتنی بەرهەمی شیرەمەنی، لە بەردەمی دوکانەکەوە چەندین جۆر بەرهەمی شیرەمەنی خۆماڵیی دانراوە و لە گۆشەیەکی دوکانەکەشەوە بەفرگرێک دانراوە کە بەرهەمی شیرەمەنیی دەرەکیی تێدایە، خاوەنی دوکانەکە دەڵێت: تا کەسێک دێت بۆ کڕینی بەرهەمێکی دەرەکی، ١٠ کەس بەرهەمی ناوخۆیی دەکڕێت.
لەو دوکانەدا ماست، پەنیر، گێمڕ و لۆرک-ی خۆماڵی دەفرۆشرێت، ئەو بەرهەمانەش لە سنووری شارەدێی مەیدان-ی سەر بە شارۆچکەی خانەقین و شارۆچکەی دەربەندیخانەوە بۆیان دێت، هەرچەندە لەچاو بەرهەمە دەرەکییەکاندا نرخیان بەرزترە، بەڵام دەڵێن، بەرزیی نرخ خواستی هاوڵاتیانی لەسەر کەمنەکردووەتەوە.
محەمەد جەلال خاوەن دوکانی شیرەمەنییە و بەرهەمی خۆماڵیی دەفررۆشن، ئەو باس لە گرنگیدانی خەڵک بە بەرهەمی خۆماڵیی دەدات و دەڵێت: بەگشتیی بەرهەمی خۆماڵیی باشترە و خەڵکیش زیاتر لێی دڵنیایە وەک لە بەرهەمی ئێرانی تورکی، چونکە ماددەی کیمیایی تێدا نییە و پاکوخاوێنیشە.
هەندێک خواردن و بەرهەمی ناوخۆیی هەیە، مۆرکێکی کوردەوارییان وەرگرتووە، بەگوێرەی وەرزەکانی ساڵیش خواست لەسەریان بەرز و نزمیی بەخۆیەوە دەبینێت، بەنموونە دۆینە یەکێکە لەو خواردنانەی کە لە کۆنەوە لەناو کوردا بە چەندین جۆری جیاواز بەکاردەهێندرێت و لە وەرزی زستاندا خواست لەسەری زیاد دەبێت.
هەندێکی دیکەش لە بەرهەمە ناوخۆییەکان بۆ چارەسەری نەخۆشیی بەکاردەهێندرێن، وەک ڕۆنی کونجی خۆماڵیی ، کە خەڵکێکی زۆر بۆ چارەسەری نەخۆشیی بەکاریدەهێنن.
جەزا حەمدی، هاوڵاتییەکی شاری سلێمانییە، وەک ئەو دەڵێت: ئێستا لەناو خەڵکدا نەخۆشیی زۆرە، بۆیە پێویستمان بەو شتانەیە کە لە ناوخۆ بەرهەمدێت، چونکە بەرهەمە ناوخۆییەکان لە ماددەی کیمیایی و نەخۆشییەوە دوورە، خەڵک کەمتر گرنگیی بە بەرهەمی دەرەکیی دەدات، بەرهەمەکانی خۆمان زۆر باشترە.
هەرێمی کوردستان خاوەنی شەش ملیۆن و ٦١٩ هەزار و ١٩ دۆنم زەوی شیاوە بۆ چاندن، بەڵام هێشتا چاوی لە وڵاتانی دراوسێیە کە پێداویستییەکانی ناوخۆی بۆ پڕبکەنەوە، بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان تەنها ٥%ی پێویستیی بازاڕ پڕدەکاتەوە و باقیی بۆشاییەکەی دیکە بە بەرهەمەی بیانیی.
rojnews