سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک دەربارەی جموجۆڵی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل رایگەیاند، “بە لابردنی خاڵە گومرکییە نایاساییەكان و رێكخستنەوەی پێناسەى باجی گومرکی لە دەروازە سنوورییەکان، ئاڵوگۆڕ و جموجۆلى بارزگانى لە دەروازەى نێودەوڵەتى ئیبراهیم خەلیل بە شێوەیەکى بەرچاو زیادیکردووە و لەنێو بازاڕیش رەنگیداوەتەوە”
لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئەیاد شێخ حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی پارێزگای دهۆک وتی، “دوای لابردنی خاڵە گومرگییە نایاساییەکانی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و رێکخستنەوەی پێناسەی باجی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکان، جموجۆلی بازرگانی بە شێوەیەکی بەرچاو لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل زیادیکردووە، کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕی پارێزگاکانی هەرێم و عێراق درووستکردووە”.
هاوکات سەرۆکی ژوورەکە وتیشی، “لەسەدا ٧٥ی بەرهەمەکانی تورکیا لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هاوردە دەکرێن، بۆ بازاڕەکانی عێراق دەنێردرێن و لەسەدا ٢٥یشی بۆ بازاڕەکانی هەریمی کوردستانە. مانگێک لەمەو بەر بەهۆی زۆریی خاڵە گومرگییە نایاساییەکان و نەبوونی پێناسەیەکی رێکخراو بۆ باج وەرگرتن لە دەروازە سنوورییەکان، بازرگانان چەندین جار باج و سەرانەیان دەدا، بەڵام لەئێستادا کارەکانیان ئاسانتر کراوە تەنها یەک باج دەدەن ئەویش لە دەروازە سنوورییەکانە نەوەک لەنێوان پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان”.
لەلایەکی دیکەوە ئەیاد شێخ حەسەن راشیگەیاند، “کۆمپانیاى پشکنینى کەلوپەلى هاوردەکراومان هەیە، تا ئێستا لەسەدا سەد لە کواڵیتى بەرهەمە هاوردەکراوەکانى تورکیا رازی بووین و خواستى خەڵکیش رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر دەبێت لەسەر کەلوپەلى تورکی، زیاتر ئەو بەرهەمە تورکیانەى هاوردەى عێراق و هەرێمى کوردستان دەکرێن بریتین لە کەلوپەلەکانى نێوماڵ، بیناسازى، کشتوکاڵ، هەروەها خۆراک و خواردنەوە و دەیان جۆرى دیکەى پێداویستى”.
سەرۆکى ژوورى بارزگانى و پیشەسازى پارێزگاى دهۆک ئاشکراى دەکات کە لەئێستادا بە هۆى زیادبوونى جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕى بارزگانى قەرەباڵغی و فشارێکى زۆر لەسەر دەروازەى نێودەوڵەتى سنوورى ئیبراهیم خەلیل دروستبووە، بۆیە حکوومەتى تورکیا و حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوام کار بۆ بەرفراوانکردنى دەروازە سنوورییەکە دەکەن و کارەکانیان دەستیانپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.
عەلى حەیدەر بارزگانێکى کەلوپەلى نێوماڵە کە لە نێوان عێراق و تورکیا کاردەکات وتى، “رێکخستنەوەى پێناسەى باجى گومرکى و نەهێشتنى خاڵە گومرکییە نایاساییەکان وا دەکات پەرەى زیاتر لە کارەکانمان بدەین”.
وتیشى، “هەرچەند لەنێو پارێزگاکانى عێراق خاڵى گومرکى نایاسایی لابراون، بەڵام لە نێو مووسڵ چەند گرووپى چەکدار بە جلى سەربازییەوە باج و سەرانەمان لێوەردەگرن ئەمە وا دەکات کە نەتوانین بە خواستى خۆمان کەلوپەل بە مووسڵ بەگەیەنین، هەر ئەمەشە وایکردووە بارزگانان بە شێوەیەکى بەرچاو لە مووسڵ دووربکەونەوە”.