له‌ سلێمانى 20 پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان زه‌ویه‌كه‌یان لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌


له‌ پرۆژه‌كانی‌ نیشته‌جێبوون له‌ سلێمانی به‌شی زۆریان وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان زه‌وییه‌ بازرگانیه‌كانیان نه‌كردووه‌ته‌ پرۆژه‌یه‌كی خانووبه‌ره‌ و وه‌به‌رهێنانی سلێمانییش سه‌ره‌ڕای پشتڕاست كردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ ده‌ڵێ، “ماوه‌یان بۆ دیاری كراوه‌ تا جێبه‌جێی بكه‌ن و هه‌ر وه‌به‌رهێنێك زه‌وییه‌ بازرگانییه‌كان نه‌كاته‌ خانوو زه‌ویه‌كه‌ی لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌”.

ئه‌ندازیار عه‌زیز سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنانی سلێمانی  ڕاگه‌یاند، ”له‌ سلێمانی پرۆژه‌كانی نیشته‌جێبون كه‌ دروست كراون زه‌وییه‌ بازرگانیه‌كانیان نه‌كراونه‌ته‌ خانوو به‌ هه‌ر هۆكارێك بێ وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌ ئه‌و كاره‌ی نه‌كردووه‌”.

وتیشی، سه‌رجه‌می ئه‌و پرۆژانه‌ كه‌ 20 پرۆژه‌ن ئاگادار كراوونه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگدا پلان بۆ زه‌ویه‌ بازرگانییه‌كان دانه‌نێن ئه‌وا زه‌ویه‌كه‌یان لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌ و ده‌درێته‌وه‌ به‌ شاره‌وانی تا بدرێته‌ كه‌سێكی تر و ئه‌وان خانووی له‌سه‌ر دروست بكه‌ن”.

ره‌مه‌زان نامیق ئه‌ندامی لیژنه‌ی پرۆژه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی راگه‌یاند، ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ بۆ نیشته‌جێبوون دراون به‌ وه‌به‌رهێنه‌ران تا یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونیان له‌سه‌ر دروست بكرێت، به‌شی زۆری ئه‌و پرۆژانه‌ زه‌ویه‌ بازرگانیه‌كانیان نه‌كراونته‌ هیچ له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌وه‌”.

ڕوونیشی كرده‌وه‌، “ئه‌و زه‌ویه‌ بازرگانه‌ حكوومه‌ت داویه‌ته‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان تا بیكه‌ن به‌ “خانوو، بازاڕ، دووكان، نووسینگه‌ و ته‌نانه‌ت هۆتێلیش” تا هاووڵاتیی و حكوومه‌ت سوودی لێ وه‌ربگرێت و داهاتێكی هه‌بێت بۆ حكوومه‌ت، به‌ڵام بازرگانه‌كان ئه‌و زه‌ویانه‌یان نه‌كردووه‌ به‌ هیچ”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد “له‌ كاتێكدا به‌پێی مه‌رج و ڕێنوێنییه‌كانى ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بێ پێویسته‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان له‌ماوه‌ی 60 رۆژدا وڵامی حكوومه‌ت بده‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و زه‌ویه‌ بازرگانییانه‌ چۆن و چیان له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ سلێمانی پرۆژه‌ هه‌یه‌ پێنج ساڵه‌ دروست كراوه‌ و زه‌ویه‌ بازرگانیه‌كان نه‌كراوه‌ به‌ خانوو”.