عادل عه‌بدولمه‌هدى: ئاماده‌یىن ناوچه‌یه‌كى پیسه‌سازى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئێران دابمه‌زرێنین

عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ئاماده‌یى وڵاته‌كه‌ى نیشان دا بۆ ئه‌وه‌ى ناوچه‌یه‌كى پیسه‌سازى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئێران دابمه‌زرێنێت.

 ئه‌مڕۆ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌گه‌ڵ عه‌باس عێراقچى بریكارى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌به‌غدا كۆبووه‌وه‌ و تاوتوێى چه‌ند بابه‌تێكى ئابوورى و سیاسیان كرد.

به‌پێى راگه‌یاندراوێك كه‌ له‌لایه‌ن نووسینگه‌ى راگه‌یاندنى عادل عه‌بدولمه‌هدى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌،  عه‌بدولمه‌هدى به‌ به‌رپرسه‌ ئێرانییه‌كه‌ى وتووه‌ عێراق ئاماده‌یه‌ ناوچه‌یه‌كى پیشه‌سازى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئێران دابمه‌زرێنێت هاوشێوه‌ى ئه‌و ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ ئوردن رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كراوه‌.

جیا له‌ بابه‌تى ناوچه‌ى پیشه‌سازى، عادل عه‌بدومه‌هدى داواى له‌ ئێران كردووه‌ مافه‌كانى عێراق له‌ به‌شه‌ ئاو بپارێزێت.

 ئه‌مڕۆ عه‌باس عێراقچى بریكارى وه‌زاره‌تى ناوخۆى ئێران به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمى گه‌یشته‌ به‌غدا. له‌ مانگى رابردوویش محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ سه‌ردانى عێراقى كردبوو.

 دواى سه‌پاندنى سزاكان به‌سه‌ر ئێران له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكاوه‌، ئێران هه‌وڵ ده‌دات پێوه‌ندى ئابوورى خۆى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ به‌هێز بكات و به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ عێراق كه‌ قه‌باره‌ى ئاڵۆگۆڕى بازرگانى نێوانیان زیاتر له‌ حه‌وت ملیار دۆلاره‌.