هەوڵەكان بۆ دامەزراندنی كۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی له‌ عێراق بەردەوامه‌



وەزیری نەوتی عێراق دووپاتی كردەوە كە لە هەوڵەكانیان بۆ دامەزراندنی كۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی بەردەوام دەبن، جیا لە دامەزراندنی دوو كۆمپانیا بۆ پاڵاوتن و گازی نیشتیمانی.

ئەمڕۆ یەكشەمممه‌ سامر غەزبان رایگەیاند كە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرەو دامەزراندنی كۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی دەچن و بۆ ئەو مەبەستەیش چەند بژارەیەكیان لەپێشە، یەكەمیان پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای دامەزراندنی كۆمپانیاكە بگەڕێنێتەوە حكوومەت، یان ئەنجوومەنی وەزیران دەقێكی نوێ بۆ دامەزراندنی كۆمپانیاكە دابنێت، كە ئەوەی دووەم پاڵپشتی ناكەم.

وتیشی، هاوكات سوورین لەسەر دامەزراندنی كۆمپانیاكە كە قەبارە و دەسەڵاتەكانی وەزارەتی نەوت كەم ناكاتەوە، چونكە ئەو پێوەندیدارە بە رێكخستنی سیاسەتە ستراتیجییەكان و نوێنەرایەتیكردنی عێراق لە دەرەوە، هەرچی كۆمپانیا نەوتی نیشتیمانییە لایەنێكی جێبەجێكارە و ئاشكرای كرد كە هەروەها دەمانەوێت كۆمپانیایەكی نیشتیمانی بۆ پاڵاوتن و یەكێكیتر بۆ گاز دامەزرێنین. 

وەزیری نەوتی عێراق دووپاتی كردەوە كە پێویستە وەزارەتی نەوت كەرتی نەوت بەڕێوە ببات و سەرقاڵ بێت بە كاری رێكخستن و دانان و بەڕێوەبردنی سیاسەت و سەرپەرشتیكردن و هیتریش و كاری بازرگانی و بەكارخستن نەكات كە پێویستە ئەوان بدرێنە پاڵ كۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی.