داهاتى هێڵى ئاسمانى عێراق بۆ مانگى كانونى یه‌كه‌مى 2018 چوار ملیارى دینارى تێپه‌ڕاندووه‌

وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: داهاتى هێڵى ئاسمانى بۆ مانگى كانونى یه‌كه‌مى 2018 چوار ملیارى دینارى تێپه‌ڕاندووه‌. 

به‌پێى لێدوانێكى عه‌بدوڵڵا لعێبى، وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ى عێراق كه‌ (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 22ى شوباتى 2019) راگه‌یاندنى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى بڵاویكردۆته‌وه‌: داهاته‌كانى هێڵى ئاسمانى عێراق له‌مانگى كانونى یه‌كه‌مى 2018دا، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ مانگى ئه‌یلول و تشرینى یه‌كه‌م و تشرینى دووه‌مى ساڵى 2018، به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌‌. 

ئاشكراشیكردووه‌: “دواى ئه‌وه‌ى رێنماییمانداوه‌ به‌ باشكردنى بارودۆخى دارایى كۆمپانیاكه‌ و زیادكردنى چالاكییه‌كان، كۆمپانیاكه‌ مانگى ئه‌یلول و تشرینى یه‌كه‌م و تشرینى دووه‌مى ساڵى 2018، له‌ زیانمه‌نده‌وه‌ بووته‌ كۆمپانیایه‌كى قازانجكردوو له‌ مانگى كانونى یه‌كه‌مى هه‌مان ساڵ”. 

روونیشیكردۆته‌وه‌: “داهاتى مانگى كانونى یه‌كه‌مى ساڵى 2018 گه‌یشتۆته‌ (4,344,438،589 ) ملیار دینار، هه‌روه‌ك زۆرى خه‌رجییه‌كانى له‌و مانگانه‌ى ئه‌یلول و تشرینى یه‌كه‌م و تیشرینى دووه‌مى ساڵى 2018دا، هۆكارى دابه‌زین و زیانبووه‌ له‌ قه‌باره‌ى داهاته‌كاندا”.