پڕۆژەی پاسی شەوان لە ماوەیەکی نزیکدا لە شاری سلێمانی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سدیق محەمەد بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی پارێزگای سلێمانی ڕايگەیاند، ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆ و شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان وەرگیراوە، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی پاسی شەوان، لە ئێستاشدا تەنھا چاوەڕێی ڕەزامەندی پارێزگاری سلێمانین بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە.
وتیشی: ھەفتەی داھاتوو، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای شار پرۆدێکشن دەکەن و چەندین پاسی مۆدێرن دابین دەکەن کە لە سەعات 6ی بەیانیەوە تا سەعات 2ی شەو بە بەردەوامی و بە سیستمی کات ، لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود ھاوڵاتیان دەگوازنەوە.
بەڕێوەبەری گواستنەوەو گەیاندنی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، پرۆژەی ڕێکخستنی تەکسی لە سلێمانی، تەنھا ڕەزامەندی پارێزگاری سلێمانی ماوە بۆ جێبەجێکردنی، کە سلێمانی دەکرێت بە نزیکەی ١٠٠ وێستگەوە ، و ھەر وێستگەیەک ژمارەیەک تەکسی بۆ دابین دەکرێت و شەوانە ئێشکگری دەکەن، بۆ ئەوەی ئەو لۆدەی لەسەر شەقامەکان ھەیە کەمبێتەوە ، و تەنھا لەکاتی پێویستدا تەکسی لەسەر شەقامەکان ھەبێت.