ساماڵ عەبدولڕحمان: وێرای بریاری حكومەتی عیراق هێشتا لە هەندێك شوێن پارەو سەرانە لە شۆفێران وەردەگیرێت


وێرای بریاری حكومەتی فیدراڵی عیراق بۆ لابردنی خاڵە گومرگیە نایاساییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و خستنەبواری جێبەجێكردنی ئەو بریارە بەڵام هێشتا لە هەندێك شوێن و جێگەدا بەشێوەی نایاسایی پارەو سەرانە لە شۆفێران وەردەگیرێت و ئەوەش نێگەرانی شوفێرانی بارهەڵگرو هاوڵاتیانی لێی كەوتۆتەوە.

لەوبارەیەشەوە ساماڵ عەبدولڕحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم رایگەیاند: بەنووسراوی رەسمی وەزارەتی دارایی عیراقمان ئاگاداركردۆتەوە كە لەبازگەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، كۆمەڵێك دەستەو تاقمی جیاواز جیاواز دانیشتوون و پارە لەشۆفێران وەردەگرن.

وتیشی: وەرگرتنی ئەو پارەیە هیچ پەیوەندییەكی بەخاڵی گومرگییەوە نییەو بەرەسمی ناڕەزایەتی خۆمان گەیاندۆتە حكومەتی عیراق، بۆئەوەی بەزووترین كات ئەو دیارەدەیە كۆتایی پێبهێنرێت.
 
راشیگەیاند: ئەو دیاردەیە پێچەوانەی ئەو رێككەوتنەیە كە لەنێوان هەرێم و بەغدا كراوە، چونكە بەپێی رێككەوتنەكە نابێت لەو بازگانەدا بار رابگیرێت و پێویستە جوڵەی بازرگانی ئازاد بێت، بۆیە لەئێستادا چاوەڕێی هەڵوێستی بەغداین بۆئەوەی چارەسەری بكەن.