ئیمارات: بازرگانانى كوردستان ده‌یان گرێبه‌ستى بازرگانى ئه‌نجام ده‌ده‌ن

له‌ پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تى “گه‌ڵف فوود” له‌ ئیمارات كه‌ ماوه‌ى پێنج رۆژه‌ به‌رده‌وامه‌ به‌به‌شدارى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ بازرگانانى هه‌رێم ده‌یان گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانى خۆراك ئه‌نجامدراوه‌. 

بورهان عه‌لى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى ژوورى بازرگانى سلێمانى و به‌شداربووى پێشانگاكه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند “به‌هۆى ئه‌وه‌ى ڤیزه‌ى ئیمارات كارئاسانى زۆرى بۆ كراوه‌، بۆیه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر بازرگانى هه‌رێم به‌شداربوون له‌ پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تى خواردنى که‌نداو ناسراو به‌ “GULFOOD” له‌ ئیمارات”.
 
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى ژوورى بازرگانى سلێمانى وتیشى: “ساڵانه‌ پێشانگاكه‌ له‌م كاته‌دا ده‌كرێته‌وه‌ و ماوه‌ى پێنج رۆژ به‌رده‌وامه‌ ئه‌مڕۆش كۆتا رۆژیه‌تى، به‌به‌شدارى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ كۆمپانیا جیهانییه‌كان ده‌یان گرێبه‌ست له‌بوارى خواردن و خواردنه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌”. 

بورهان عه‌لى باسى له‌وه‌شكرد” پێشانگاكه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ و پیشه‌سازیی خۆراك، یه‌كێك له‌لایه‌نه‌ باشه‌كانى ئه‌وه‌یه‌ بازرگانانى هه‌رێمى كوردستان ده‌توانن له‌ ده‌ستى یه‌كه‌م و به‌ نرخێكى كه‌متر پێداویستییه‌ خۆراكییه‌كان بكڕن، نه‌ك له‌ ده‌ستى دووه‌م”. 

پێشانگاى گه‌ڵف فود گه‌وره‌ترین پێشانگاى بازرگانى خۆراكه‌ له‌ جیهاندا كه‌ ساڵانه‌ له‌ ئیمارات به‌ڕێوه‌ده‌چێت ئه‌مساڵیش به‌به‌شدارى زیاتر له‌ 5000 كۆمپانیا له‌ 120 وڵات كراوه‌ و له‌ماوه‌ نێوان 17-21ى شوبات به‌رده‌وام بوو.