بڕیار لەسەر خەرجكردنی پارەی جوتیارانی هەرێم دەدرێت


ئەمڕۆ دانیشتنێكی دادگا لەبارەی كەیسی پارەی جوتیارانی هەرێم لە لەدادگای تێهەڵچونەوەی رەسافە بەڕێوەچوو بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە بڕیاری دادگا لەو بارەیەوە ڕابگەیەنرێت

بەشدار حەسەن، پارێزەری خۆبەخش لە كەیسی پارەی جوتیارانی هەرێم  راگەیاند، ئەمڕۆ دانیشتنێكی دادگای تێهەڵچونەوەی رەسافە لەسەر كەیسی پارەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی 2014 تا 2017  بەرٍێوەچوەو  رۆژی 26 ی ئەم مانگەش دانیشتنێكی تر بەڕێوەدەچێت‌و تیایدا بڕیاری دادگا لەو بارەیەوە رادەگەیەنرێت.

وتیشی، پێشتر وەزارەتی بازرگانی عێراق، تانەیان لە بڕیاری دادگاكەدا بو كە لە قۆناغی بەرایی لەسەر هەمان كەیس لە 23ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو  راگەیەنراو داوای خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی كردبوو.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد دوای کۆتا دانیشتنی دادگا كە بڕیارە رۆژی 26 ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت  ئەگەر تا یەك مانگ لەدوای ئەو بەروارەوە بڕیارەكە تەمییز نەكرێتەوە، ئەوا بڕیاری دادگای رەسافە لەبارەی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جوتیارانەوە كە بڕەكەی 555 ملیار دینارە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.