دیداری نێرگزی گەشتیاری لە سلێمانی بە بەشداری زیاتر لە 200 کۆمپانیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت

بە بەشداری زیاتر لە 200 کۆمپانیای گەشتیاری یەکەمین دیداری نێرگزی گەشتیاری لە هۆتێل گراند ملینیۆم ئه‌نجامده‌درێت. 

دیداره‌كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ى شوباتى 2019، بە چاودێری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بە بەشداری زیاتر لە 200 کۆمپانیای گەشتیاری ناوخۆیی و عێراقی و وڵاتانی دوروبەر و ئەوروپا دەستیپێکرد و یاسین ڕەحیم فەرەج جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیش تیایدا بەشداربوو.

لەسەرەتای دیدارە گەشتیارییەکەدا لەبەردەم هۆڵەکە، پێشانگەی فۆتۆگرافی گەشتیاری و کاری دەست نمایشکران.بۆ یه‌كه‌مجارە دیدارى گه‌شتیارى له‌ سلێمانى ئەنجامدەدرێت له‌ نێوان كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانى باشور و ناوه‌ڕاستى عێراق، ئێران، هۆڵه‌ندا و لوبنان. 

دیداره‌كه‌ بە بەشداری زیاتر لە 200 کۆمپانیای بواری گەشتیاری ناوخۆیی و عێراقی و وڵاتانی دوروبەر و ئەوروپا ئەنجامدەدرێت کە تێیدا وه‌به‌رهێنه‌كانى بوارى گه‌شتیارى ناوخۆ و ئه‌و وڵاتانه‌ به‌شدارده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ى ئاگادارى بوارى گه‌شتیارى سلێمانى بن و هانیش ده‌درێن وه‌به‌رهێنان له‌ بوارى گه‌شتیارى له‌ شاره‌كه‌مان ئه‌نجامبده‌ن، ماوه‌ى شه‌و و رۆژێك به‌رده‌وامده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن گروپى گه‌شتیارى زیاتر بهێننه‌ سلێمانى و جوڵه‌ى گه‌شتیارى زیاتر بۆ ئه‌م شاره‌ دروستبكه‌ن و به‌هۆیه‌وه‌ خاوه‌نكاران و خاوه‌ن پڕۆژه‌ گه‌شتیارییه‌كان سوودێكى زیاتر وه‌ربگرن. 

بریاریشه‌ ئەمڕۆ کۆمپانیاکانی بواری گەشتیاری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لەکاتی هاتنی گەشتیار هەیانە چارەسەربکرێن، ئەمشەویش لە هەمان هۆڵ ئەو کۆمپانیایانە خەڵات دەکرێن کە زۆرترین گەشتیاریان بۆ پارێزگای سلێمانی هێناوە.