دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی زیانی لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕکردنی دراو لە کوردستان داوە. لە سلێمانی قەبارەی ئەو زیانە بە 80 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت و واش چاوەڕوان دەکرێت کە لەماوەی 4 مانگی داهاتوودا، قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە 9 ملیار دۆلارەوە بۆ 6 ملیار دۆلار دابەزێت.
حاجی دلێر مستەفا، خاوەنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، باسی زیانمەندبوونی چەند بازرگانێکی سلێمانی بەهۆی دابەزینی نرخی تمەنەوە دەکات و دەڵێت “خەڵکمان لایە تەنیا لە رۆژێکدا 50 هەزار دۆلار زیانی پێگەیشتووە”. حاجی دلێر دەڵێ ئەو کەسانەی کاری ئاڵووێری تمەن دەکەن “بازاڕیان بەتەواوی دابەزیوە. دەتوانین بڵێین خەریکە بەتەواوی کاریان دەوەستێ”.
سەرچاوە- روداو