کۆنسێرتی ھونەری ھاوبەشی سلێمانی و سنە ئه‌نجامده‌درێت


رۆژی رابردوو چالاکییەکانی فێستیڤاڵی ھونەری سلێمانی ـ سنە لە شاری سلێمانی بە کردنەوەی پێشانگایەکی ھونەری دەستیپێکرد کە تێیدا پێشانگایەکی ھونەری نیگارکێشان کرایەوە و ٢٢ شێوەکار بە ٥٠ تابلۆ بەشدارییان کردبوو، ئێوارەی ئەمڕۆش لە ھۆڵی تەلاری ھونەر لە رۆژی دووەمی فێستیڤاڵدا بە بەشداری ھەردوو گرووپی میوزیکی ئاویەر لە شاری سنە کە بەرھەمەکانیان بەرھەمی سونەتییە، لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی میلی سلێمانی ئاھەنگێکی گۆرانی و میوزیکیان پێشکەش کرد.

بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و ھونەری سلێمانی، بابەکر دڕەیی لەبارەی فێستیڤاڵه‌کەوە وتی: “ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی کولتوور و ھونەرە لەنێوان ھەردوو شاردا کە پێویستمان بە بینینی کاری ھونەری یەکتر ھەیە و ئەنجامدانی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ ھەردوولا پێویستە”.

مونا مولائی یەک لە کچە میوزیک ژەنەکانی گرووپی ئاویەر وتی: “گرووپەکەمان ماوەی ساڵێکە دامەزراوە و تائێستا چەندین چالاکی ھونەری لە شارەکانی ئێران و تورکیا و عێراق ئەنجامداوە، خۆشحاڵین ئەمجارە ھاتینە شاری سلێمانی و بە شەش بەرھەمی سونەتی بەشداری ئەم فێستیڤاڵەین”.

مونا وتی: “ئەنجامدانی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە ھەنگاوێکی باشە بۆ ناسین و ئاڵوگۆڕکردنی کولتوور و فەرھەنگی ھەردوولا و خوازیارین ھەمان چالاکی لە شارەکانی تریش ئەنجام بدەین”.