ئێران: بەرهەمهێنانی بەنزین گەیشتۆتە ئاستی خۆژێنی

وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت، دوای كردنەوەی قۆناغی سێیەمی پاڵاوگەی نەوتی بەندەر عەباس، بەرهەمهێنانی بەنزین لە ئێران گەیشتۆتە ئاستی خۆژێنی.

بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران لەمیانی كردنەوەی قۆناغی سێیەمی پاڵاوگەی ئەستێرەی كەنداو لە شاری بەندەر عەباس وتی، خۆشبەختانە چیتر پێویستمان بەوە نەماوە بەنزین لەدەرەوە هاوردە بكەین، چونكە ئێران دەتوانێت پێویستیەكانی ناوخۆی پڕبكاتەوە‌و هەناردەی دەرەوەشی بكات، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ پلانێكمان بۆ هەناردەكردن نیە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەخستنەگەڕی قۆناغی سێیەمی پاڵاوگەی ئەستێرەی كەنداو كۆی بەرهەمهێنانی بەنزینی ئەم پاڵاوگەیە گەیشتۆتە 45 ملیۆن لیتر لەرۆژێكدا، بەو شێوەیەش كۆی بەرهەمهێنانی بەنزین لەئێران دەگاتە 101 ملیۆن لیتر لەرۆژێكدا‌و پلانیشمان تا 21ی ئاداری 2019 ئەو ژمارەیە بۆ 105 ملیۆن لیتری رۆژانە بەرزبكەینەوە.