سەرۆکی رێکخراوی روستیخ-ی رووسی رایگەیاند، زۆرترین ژمارەی چەکی کلاشنیکۆف لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا دەفرۆشرێت.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سپوتنیک-ی رووسی، سێرگی چیمزۆڤ، سەرۆکی رێکخراوی روستئخ-ی رووسی لە میانی پیشانگای ئێدێکس ٢٠١٩ ئاماژەی بەوە کرد کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا زۆرترین داواکاری لەسەر چەکی کلاشنیکۆف هەیە و بازاڕی چەکەکە لەو ناوجانە گەرمە. جگە لەوەش بە گشتی چەکە رووسییەکان بایەخی زۆری پێدەدرێن.
هاوکات چیمزۆڤ راشیگەیاندووە کە لەسەدا ٨٠ی سەرجەم چەکی کلاشنیکۆف لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا دەفرۆشرێت و لەلایەکی دیکەوە سعودیە هەوڵی ئەوە دەدات رێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای روستیخ-ی روسی واژوو بکات بەمەبەستی بەرهەمهێنانی چەکی کلاشنیکۆف (AK – 103) لە سعوودیە و چاوەڕێ دەکرێت رێککەوتنامەکە لە کۆتایی مانگی داهاتوو واژوو دەکرێت.