ئەگەرچی هەزار مەڕو ماڵات لە رۆمانیا هاوردە كراون، بەڵام تەنگژەی گۆشت و نەبوونی لە بازاڕەكان هاووڵاتییانی ئێرانی نیگەران كردووە و نرخی یەك كیلۆ گەیشتە 120 هەزار تمەن.
بەگوێرەی چەند گرتە ڤیدیۆیەك و وێنەیەك كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوە، هاووڵاتییان نیشان دەدات لە بەردەم دووكانی گۆشتفرۆشان سەرەیان گرتووە بەتایبەت ئەو شوێنانەی حكوومەت دەستنیشانی كردوون بۆ دابەشكردنی گۆشت، هەندێك دەڵێن بە سەعات سەرەیان گرتووە و گۆشتیان بەر نەكەوتووە.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی “ئافتاب”ی ئێرانی، تەنگژەی گۆشت و مریشك لە بازاڕەكانی ئێران زۆر ئاڵۆزە و تەنانەت وەزارەتی كشتووكاڵیش سەری لێ دەرناكات.
مەحموود حجتی وەزیری كشتوكاڵی ئێرانی دەڵێ، هەموو بازرگانان و خەڵكانی سڤیلیش بۆیان هەیە ئاژەڵی زیندوو هاوردە بكەن، وەزارەتیش بڕیاری دەركردووە كە دەكرێت ماڵات لە ئەفغانستان هاوردە بكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا نرخەكەی لە بازاڕ زۆر گرانە. رۆژنامەكە دەڵێ، هەندێك لە بازرگانان ئەو دۆخەیان قۆستووەتەوە.
مەسعوود خنسری سەرۆكی ژووری بازرگانی تاران دەڵێ، ماوەی ساڵێك دەبێت هەفتانە 10 بۆ 50 كۆمپانیا دادەخرێن و تا ئێستە 800 بۆ هەزار و 500 كۆمپانیای بەڵێندەرایەتی پووكاونەتەوە كە لە سێكتەری نەوت كار دەكەن. محەمەد رەزا سباغیان پەرلەمانتار دەڵێ، نرخەكان زۆر بەرزبوونەتەوە، هەیانە نرخەكەی 200% بەرز بووەتەوە و ئەمەش تەنگژەی بۆ هاووڵاتییان دروست كردووە.
پەنگخواردنی تەنگژەكانی ئێران دەگەنە سەر مینبەری مزگەوتەكان، كازم سدیقی یەكێك لە پیاوە ئاینییە توندڕۆكان لە گوتاری هەینی رابردوو رای گەیاند، خەڵك ئێسكەكانیان لەژێر گوشاری هەژاریدان شكان، حەسەن روحانی سەرۆكی ئێرانی تۆمەتبار كرد، گوتی “كێشەی ئابووریمان هەیە بەڵام بەرپرسەكان گرنگی پێ نادەن”.
محەمەد باقر یاریدەدەری روحانی سەرۆك كۆماری ئێران، ددان بەوەدا دەنێت كە چیتر ئێرانییەكان توانای بەرگە گرتنیان نەماوە و دۆخەكە زۆر قورسە، گوتی “لە سەردەمی جەنگی دژ بە عێراق كەموكوڕییەكانمان دەرنەدەخست تا دوژمن لە دژمان بەكاری نەهێنێت، بەڵام ئێستە دۆخەكە جەنگێكی ئابوورییە و ئاسان نییە بەرگەی بگریت”.