لەمڕۆوە پێناسی نوێی گومرگیی لە دەرەوازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییەکی کە پێشتر لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێرقادا بوو، بەداخەوە باجەکەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و عێراق بەگشتی دای، بەڵام بەختەوەرانە دوێنێ شەممە 2019.2.16 وەکوو دوا کات بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارەی 13ی ساڵی 2019ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، هەموو ئەو بازگانە لابران و ڕێگاکان لەبەردەم جووڵەی بازرگانی و سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی وکردستاندا ئازاد کران”.
سامان عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەم بڕیارە کارێکی شیاو و گونجاو بوو کە ئاسۆیەکی نوێ و ڕوون ئەخاتە بەردەم جووڵەی بازرگانیی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسێکی دیکە کە ئەمڕۆ یەکشەممە 2019.2.17 خرانە بواری کردارەوە، ئەویش جێبەجێکردنی پێناسەی نوێی گومرگی بوو لە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەنددا کە ئەم پێناسەیە نە ئەو پێناسەیە کە ڕابردوو لەلایەن ناوەند و هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ کراوە، بەو پێیەی کەلە سەرەتای ساڵی 2018دەرگاکانی گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا کرانەوە و مێزی گفتوگاکن بوونە مینبەری چارەسەرکردنی کێشەکان، پرسی گومرگ وەک پرسێکی گرنگ لەسەر مێزی گفتۆگۆکان خراوەتە بەرباس و هەر لە سەرەتاوە لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنرا لە نێوان لیژنەی گومرگەکانی عێراق ق بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەریی ئەم پرسە.
هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران عێراق بۆ لابردنی خاڵە گومرکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، دوێنێ خاڵ و بازگە گومرکییەکانی دهۆک بۆ مووسڵ، هەولێر بۆ کەرکووک و سلێمانی بۆ کەرکووک بە فەرمی لابران و جموجۆڵە بازرگانییەکان وەگەڕ کەوتنەوە بەبێ دانانی باجی گومرگی.
لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، چەندان خاڵی گومرکیی نایاسایی لە نێوان کەرکووک هەولێر، مووسڵ بۆ دهۆک و سلێمانی بۆ کەرکووک دانران و بە شیوەی نایاسایی باج خرایە سەر ئەو کاڵا و کەلوپەلانەی کەلە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکران و ئەمەش بارگرانیی بۆ هاووڵاتییان و بازرگانان دروست کردبوو و نرخی کەلوپەلی زۆر بەرز کردەوە و ناڕەزایەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و سەرەنجام بەهۆی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و ههرێم و ئەم پرسە چارەسە کرا.