سه‌رجه‌م خاڵه‌ گومركییه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌ڵگیران

به‌گوێره‌ى نووسراوێكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گومركى باكورى كه‌ركووك كه‌ ئاراسته‌ى بازگه‌كان كراوه‌، ئه‌مڕۆ سه‌رجه‌م خاڵه‌ گومركییه‌كانى نێوان هه‌رێم و شاره‌كانى عێراق هه‌ڵگیران.

 به‌گوێره‌ى نووسراوێك كه‌ ئه‌مڕۆ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خاڵى گومركى باكورى كه‌ركووك ئاراسته‌ى بازگه‌كان كراوه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ له‌ 16ى ئه‌م مانگه‌ واته‌ ئه‌مڕۆ، سه‌رجه‌م خاڵه‌ گومركییه‌كانى نێوان هه‌رێم و شاره‌كانى عێراق هه‌ڵ ده‌گیرێت و بۆ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانیش كار به‌ پێناسه‌یه‌كى گومركى یه‌كگرتوو ده‌كرێت.

 له‌ ده‌قى نووسراوه‌كه‌ هاتووه‌ ” به‌ پێى بڕیارى ژماره‌ 13ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى ساڵى 2019 و هه‌روه‌ها به‌ پێى نووسراوى ده‌سته‌ى گشتى گومركه‌كان به‌ ژماره‌ى 4788ى  13ى ئه‌م مانگه‌، له‌سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان كار به‌ پێناسه‌ى گومركى یه‌كگرتوو ده‌كرێت  به‌ ده‌روازه‌كانى هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌ هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م خاڵه‌ گومركییه‌كانى نێوان كه‌ركووك و مووسڵ و پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵده‌گیرێن، له‌ رێككه‌وتى 16/ 2ى 2019.