بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی و كۆمەڵەی كەلەپوری كورد بڕیاریاندا بەهەمئاهەنگی، لە (گردی مامەیارە) گەورەترین ئاهانگسازی بۆ جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ بكەن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانیدا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەكۆبوونەوەی نێوان بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی لەگەڵ محەمەد مەردان سەرۆكی كۆمەڵەی كەلەپوری كورد و ئەندامانی لیژنەی باڵای یادی نەورۆز” جەختكراوەتەوە لە بەڕێوەچوونی مەراسیمی جەژنی نەورۆز لە سلێمانی و بڕیاردراوە كە بەرنامەی هاوبەشی نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و لیژنەی باڵای نەورۆز دیاری بكرێت بۆ ئەوەی وەكو ساڵانی پێشوو یادێكی شایستەی جەژنی نەورۆز لەمامەیارە بكرێتەوە.”
هاوكات محەمەد مەردان سەرۆكی كۆمەڵەی كەلەپوری كورد رایگەیاندوە، لەگەڵ بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانی رێككەوتون كە بەهەمئاهەنگی لەمامەیارە گەورەترین ئاهانگسازی بۆ جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ بكەن.
“بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری پشتیوانی خۆی بۆ لیژنەكە دووپاتكردۆتەوە بۆ هەر كارئاسانییەك بۆ ئەوەی یادەكە بە شكۆداری بەڕێوەبچێت و ببێتە جێگای خۆشحاڵی هاووڵاتیان و پاراستنی گەورەیی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز.” وەك لەراگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانیدا هاتووە.