لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخەوە، بە قەبارەی نزیكەی چوار ملیار دۆلار شتومەك و كاڵای بازرگانی ترانزێت كراوە و بۆ شوێنی جیاواز گواستراوەتەوە.
بەگوێرەی “ئیرنا” بەختیار رەحمانی بەڕێوەبەری گشتی گومركی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرای كرد، لە نەورۆزی رابردووەوە بایی سێ ملیار و 998 ملیۆن دۆلار كاڵا لەو دەروازەیە ترانزێت كراوە و بەراورد بە ساڵی رابردوو 2% بەرز بووەتەوە.
ئەو باسی لەوە كرد كە بە گشتی ملیۆنێك و 706 هەزار تۆن شتومەك لە دەروازەكە ترانزێت كراوە، لەكاتێكدا لە هەمان ماوەی ساڵێكی پێشتر لە رووی كێشەوە ئاستەكەی دابەزیوە، بەڵام بەهاكەی بەرز بووەتەوە.
پارێزگای سنە خاوەنی دوو دەروازەی چالاكە لەگەڵ هەرێمی كوردستان كە بریتین لە سەیران بەن و باشماخ و جگە لە هەناردەی كاڵا بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق بەشێكی بەرچاویش ترانزێت دەكرێت.
سەرچاوەی هەموو ئەو كاڵایانەش ئێران نییە، بەڵكو بەشی زۆری لە وڵاتانی ترەوە هاتوونەتە ئێران و پاشان بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تر گواستراونەتەوە.