نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و بەرزترین ئاستی لە ماوەی ئەمساڵدا تۆمار كرد. ئێستە هەر بەرمیلێك نەوت بە 64 دۆلار و 10 سەنت دەفرۆشرێت.
لە رۆژی سێشەمەوە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە بەرزبوونەوە كردووە. سەرەتای ئەم هەفتەیە بازاڕی بۆڕسە نرخی نەوتی برێنت بە 62 دۆلار بوو و لە یەكەم رۆژی هەفتەكە نرخەكەی بۆ 61 دۆلار دابەزی، بەڵام لە ئێوارەیەوە رووی لە بەرزبوونەوە كردەوە. رۆژی سێشەم تا 62 دۆلار و 60 سەنت هەڵكشا. رۆژی چوارشەم گەیشتە 63 دۆلار و 63 سەنت و ئەمڕۆكەش بۆ سەرووی 64 دۆلار بەرز بووەتەوە.
بەگوێرەی dailyfx جگە لە نەوتی برێنت نرخی نەوتی ئەمەریكیش لە چەند رۆژی رابردوودا سەرووی دوو دۆلار لە نرخەكەی هەڵكشاوە و ئێستە بە 54 دۆلار و 23 سەنت دەفرۆشرێت.
گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ دوایین راپۆرتی ئۆپێك دەگەڕێتەوە كە گوتوویەتی لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا هەناردەی نەوتی كەم كردووەتەوە. هاوكات هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلاش بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا كەمی كردووە.
سعوودیە ئاشكرای كردووە كە رۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل لە هەناردەی نەوتەكەی كەم كردووەتەوە و ئۆپێكیش رۆژانە 800 هەزار بەرمیل نەوتی كەم كردووەتەوە و ئێستە 30 ملیۆن و 810 هەزار بەرمیل هەناردە دەكات.