ئەمریکا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت


نووسینگەی چاودێریی سامانه‌ بیانییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا (OFAC)، ناوی دوو دامه‌زراوه‌ و 10 كه‌سی خسته‌ لیستی سزاكانه‌وه‌.

نووسینگەی چاودێریی سامانه‌ بیانییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا (OFAC)، ناوی دوو دامه‌زراوه‌ و 10 كه‌سی خسته‌ لیستی سزاكانه‌وه‌ به‌تۆمه‌تی پشتگیریكردنی سوپای قودسی سه‌ربه‌ سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌نجامدانی هێرشی ئه‌لیكترۆنی دژبە به‌رپرسانی ئه‌مریكا.

OFAC له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی لەوەکردووە، دامه‌زراوه‌ی New Horizons كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی له‌ تارانه‌، له‌گه‌ڵ “په‌یمانگای بیرمه‌ندان و هونه‌رمه‌ندانی سه‌ربه‌خۆ” و چوار كه‌سی په‌یوه‌ندیدار به‌و دامه‌زراوانه‌وه‌، به‌تۆمه‌تی پشتگیریكردن و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی هه‌واڵگری بۆ سوپای پاسدارانی ئێران له‌ كۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، ناویان خراوه‌ته‌ لیستی سزاكانه‌وه‌.
 
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، كۆمپانیای په‌یگارد سه‌ماوات كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی له‌ ئێرانه‌، له‌گه‌ڵ شه‌ش كه‌سی په‌یوه‌ندیدار به‌ كۆمپانیاكه‌وه‌، به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی هێرشی ئه‌لیكترۆنی له‌ رابردوو و ئێستادا بۆسه‌ر هه‌واڵگری و سوپای ئه‌مریكا، ناویان خراوه‌ته‌ لیسته‌كه‌وه‌.

له‌ ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، “وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ وه‌ك به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌ نهێنییه‌كانی رژێمی ئێران دژبە ئه‌مرییكیه‌كان له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا و دژبە ئه‌كته‌ره‌كانی هێرشی ئه‌لیكترۆنی، ده‌ستی به‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی كردووه‌”.