ئەنجوومەنی وەزیران یاسای دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی سەدام حوسێنی پەسەند کرد


نووسینگەی سەرۆکوەزیران رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی نیشاندا لەسەر ھەموارکردنەوەی یاسای دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی گواستراوە و نەگواستراوی سەرانی رژێمی پێشوو.
 
لەراگەیەندراوێکدا نووسینگەی سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی نیشاندا لەسەر ھەموارکردنەوەی یاسای دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی گواستراوە و نەگواستراوی سەرانی رژێمی پێشوو، سەدام حوسێن.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر پڕۆژە یاسای ھەموارکردنەوەی یەکەم بۆ یاسای دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی گواستراوە و نەگواستراوی سەرانی رژێمی پێشوو بە ژمارە ٧٢ بۆ ساڵی ٢٠١٧ .

لەلایەکی دیکەشەوە بەپێی راگەیەندراوەکە دوای نیشاندانی رەزامەندییەکە، ھەموارکردنەوەی یاساکە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و وەک یاسایەکی نوێ جێبەجێ بکرێت.

شایەنی باسە وردەکاری زیاتر لەبارەی ھەموارکردنەوەکە نەخراوەتەڕوو، بەتایبەتیش بەپێی یاساکەی ئێستا دەست بەسەر سامانەکانی سەرانی رژێمی پێشتووتردا، گیراوە.