له‌چوارچێوه‌ی پلان‌و به‌رنامه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه ئابووری‌و بازرگانییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهاندا‌و په‌ره‌پێدانی پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێم، تادێت ژماره‌ی كۆمپانیا‌و سه‌رمایه بیانییه‌كان له‌كوردستاندا له‌زیادبووندایه. هاوكات راوێژكارێكی وه‌زاره‌تی بازرگانی‌و پیشه‌سازیی حكومه‌تی هه‌رێم پێیوایه، توركیا‌و ئێران به‌شدارییه‌كی كارا له‌ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستاندا ده‌كه‌ن.
هه‌زارو 400 كۆمپانیای توركی
فه‌تحی محه‌مه‌د راوێژكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی‌و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كان به‌كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند، رۆژ له‌دوای رۆژ قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕیی بازرگانی له‌هه‌رێمی كوردستان له‌زیادبووندایه‌و گه‌شه‌ی ئابووری به‌رده‌وامه له‌سه‌رجه‌م رووه‌كانه‌وه.
وتیشی:»له‌ڕابردوودا پڕۆسه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هه‌رێم زیاتر له‌گه‌ڵ وڵاتی ئێران‌دا بوو، به‌ڵام ئێستا زیاتر له‌گه‌ڵ وڵاتی توركیادایه كه هه‌ردووكیان دراوسێی هه‌رێمی كوردستانن».
ئه‌و راوێژكاره‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانی‌و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێم ئاشكرایكرد، به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان ژماره‌ی كۆمپانیاكانی توركیا كه ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستاندا كارده‌كه‌ن، نزیكه‌ی هه‌زارو 400 كۆمپانیایه‌و به‌رده‌وامیش ژماره‌یان له‌زیابووندایه كه له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا كار ده‌كه‌ن، هاوكات كونسوڵخانه‌ی توركیا له‌هه‌رێمی كوردستان به‌شێكی تایبه‌تی بۆ په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كان‌و كارئاسانی بۆ سه‌رمایه‌داران‌و كۆمپانیاكانی وڵاته‌كه‌ی كردۆته‌وه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری باشی هه‌بووه له‌پێشخستنی ئاڵوگۆڕه بازرگانییه‌كان.
فه‌تحی محه‌مه‌د وتیشی:»قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی سه‌رمایه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی رابردوودا هه‌شت ملیار دۆلار بووه، بۆ ئه‌مساڵیش پێشبینی ده‌كرێت بگاته زیاتر له 12 ملیار دۆلار، ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆره بۆ بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان كه له‌قۆناغی بوژاندنه‌وه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دایه».
پڕۆژه‌یه‌كی نوێی ستراتیژی
به‌وته‌ی ئه‌و، جۆری بازرگانی كۆمپانیا توركییه‌كان له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندایه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر گرنگی پێده‌درێت له‌بواری بیناسازی، شیش‌و چیمه‌نتۆ، ئامێره كاره‌باییه‌كان، جلوبه‌رگ‌و پێڵاو، كه‌لوپه‌له‌كانی ناوماڵ‌و شتی ساده‌و گه‌وره‌دایە. روونیشیكرده‌وه، خواستی هاووڵاتیانی هه‌رێم بۆ كاڵا توركییه‌كان زۆره، چونكه كوالێتی شمه‌ك‌و كه‌لوپه‌له‌كانی ئه‌و وڵاته به‌رزه.
راوێژكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی‌و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ كاروباری په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كان ئاشكرایكرد، بڕیاره گه‌وره‌ترین پڕۆژه سه‌باره‌ت به‌بازرگانیی نێوان توركیا‌و هه‌رێمی كودستان جێبه‌جێ بكرێت كه بریتییه له‌دروست كردنی پردی دووه‌م له‌نێوان كوردستان‌و توركیادا له‌خاڵی سنووریی ئیبراهیم خه‌لیل، چونكه پردی یه‌كه‌م فشارێكی زۆری له‌سه‌ره‌و بوونی پردی دووه‌میش رێژه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هه‌ردوولا زیاتر ده‌كات.
په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپادا
سه‌باره‌ت به‌جموجۆڵی بازرگانیی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران ئاشكرایكرد، هه‌رچه‌نده له‌زۆربه‌ی بازاڕه‌كانی كوردستاندا مامه‌ڵه به‌كه‌لوپه‌ل‌و شمه‌كی ئێرانییه‌وه ده‌كرێت، به‌ڵام چالاكییه بازرگانییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و ئێران تاڕاده‌یه‌ك كه‌مەو وه‌ك پێشوو نه‌ماوه، به‌جۆرێك قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هه‌رێم‌و ئێران له‌سالێ رابردوودا زیاتر له‌سێ ملیار دۆلار بووه، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌مساڵ رێژه‌كه زیاد ببێت.
وتیشی:»ئه‌و بازرگانییه‌ی كه كۆمپانیا ئێرانییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن زیاتر له‌بواره‌كانی (شیره‌مه‌نی، نایلۆن‌و كه‌لوپه‌لی ناوماڵ)دایه».
ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیه بازرگانییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپادا، ئه‌و راوێژكاره‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانی‌و پیشه‌سازیی هه‌رێم ئاشكرایكرد، هه‌رچه‌نده كاڵا‌و شمه‌كی ماركه‌ی ئه‌وروپی له‌بازاڕه‌كانی كوردستاندا هه‌یه‌و هاورده‌ی شمه‌كه‌كانی ئه‌و وڵاتانه ده‌كرێت، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه نییه‌و هه‌وڵی جدیش ده‌درێت بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه بازرگانیه‌كان نێوان هه‌رێم‌و وڵاتانی ئه‌وروپا.
سروشتی په‌یوه‌ندییه‌كان
هاوكات سیروان ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی بۆ كوردستانی نوێ وتی:»په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وڵاتان له‌گه‌شه‌سه‌ندندایه‌و له‌ئێستاشدا هه‌رێم له‌قۆناغی ئاودانكردنه‌وه‌دایه، به‌تایبه‌ت كاری بازرگانی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وڵاتی توركیا‌و ئێران‌دا».
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئێستا شمه‌ك‌و كه‌لوپه‌لی ئێرانی بازاڕیان گه‌رمه به‌تایبه‌ت له‌سنووری پارێزگای سلێمانیدا، هۆكاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌رزانی شمه‌كی ئه‌و وڵاته‌و دابه‌زینی به‌های تمه‌ن، هاوكات ئه‌و شمه‌ك‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی كه زیاتر له‌ئێرانه‌وه ده‌هێنرێته بازاڕه‌كانی هه‌رێمه‌وه بریتییه له‌شیره‌مه‌نی‌و كه‌لوپه‌لی نایلۆن‌و پێداویستییه‌كانی ناوماڵ كه ژماره‌یان 22 ماده‌ی جۆراوجۆره، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ توركیادا زیاتر له‌بواری ئاوه‌دانكرنه‌وه‌دایه.
دروستكردنی كارگه‌و بوژانه‌وه‌ی بازاڕ
له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ده‌ڵێت:»پلانمان داناوه‌و قسه‌مان له‌گه‌ڵ بازرگانانی توركیا‌و ئێران كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكانیان ئه‌و كارخانه‌و كارگانه‌ی كه له‌هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن، به‌پێوه‌ری وڵاتی خۆیان به‌گه‌ڕبخه‌نه‌وه، ئێستایش پلانه‌كه له‌قۆناغی كۆتاییدایه‌و چه‌ندین كارگه‌ی جۆراوجۆریش دروست ده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه په‌یوه‌سته به‌و ناوچه پیشه‌سازییانه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری داوه له‌هه‌رسێ پارێزگاكه دروستیان بكات، به‌دروستكردنی ئه‌و ناوچه پیشه‌سازییانه‌ش، ژماره‌یه‌كی زۆر هه‌لی كار بۆ بێكاران ده‌ڕه‌خسێت‌و جموجۆڵی بازاڕ زیاتر ده‌بوژێته‌وه».
فراوان كردنی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كان
سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندییه ئابووری‌و بازرگانییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێدا، ئابووریناس شه‌ماڵ نوری ده‌ڵێت:»ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه ئێستا هه‌یه، زیاتر یه‌كلایه‌نه‌یه‌و هاوسه‌نگی تێدا نییه، كه یه‌كێك له‌كۆڵه‌كه‌كانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بوونی هاوسه‌نگییه، هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا كاری هاورده ده‌كات‌و له‌به‌رامبه‌ردا هه‌نارده‌ی كه‌مه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی خراپی ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك كۆی پڕ‌وسه‌كه ته‌ماشای بكه‌ین، ئه‌وا كوردستان توانیویه‌تی سوودێكی باش له‌و په‌یوه‌ندییانه وه‌ربگرێت، به‌تایبه‌ت كه‌ئێستا هه‌رێمه‌كه‌مان له‌قۆناغی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دایه».
ئه‌و ئابووریناسه وایده‌بینێت كه پێویسته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بازنه‌ی په‌یوه‌ندییه بازرگانی‌و ئابوورییه‌كانی فراوانتر بكاته‌وه‌و ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو وڵاته دراوسێیه‌دا نه‌بێت.
كودستانی نوێ