پۆمپیۆ بانگەوازی لە ئەورووپا کرد گازی سروشتیی لە رووسیا نەکڕن


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ ئاشکرایکرد پرۆژەی “تەوژمی باکوور ٢” کە پلان وایە لە رێگەیەوە گازی رووسیا بۆ ئەڵمانیا بگوازرێتەوە، مایەی هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی وزەی ئەورووپا.

مایک پۆمپیۆ کە بە سەردانێکی فەرمیی لە پۆڵەندایە، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، یاسێک زاپوتۆویکز کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشی سازکرد.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەکردەوە کە پرۆژەی “تەوژمی باکوور٢” هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی وزەی ئەورووپا و گوتی: “واشنتۆن دژی پرۆژەی راکێشانی ئەو بۆرییەیە چونکە ئەمە لە بەرژەوندیی هەناردەی گازی سروشتیی رووسیایە و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا بە رووسیاوە پەیوەست دەکات”.

مایک پۆمپیۆ تیشکی خستەسەر گرنگیی هاریکاریی نێوان وڵاتەکەی و پۆڵەندا لە بواری وزەدا و جەختی لەوەکردەوە کە واشنتۆن خۆشحاڵە بەوەی حکوومەتی وارشۆ بەرپرسیارێتییەکانی لە چوارچێوەی ناتۆدا بە ئەنجام دەگەیەنێت.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا، یاسێک زاپوتۆویکز باسی لەوەکرد لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ پۆمپیۆ باسی بەزرکردنەوەی ژمارەی سەربازە ئەمریکییەکانیان لە پۆڵەندا کردووە و تیشکی خستەسەر ئەوەش رێکارە دوژمنکارانەکانی رووسیا بەتایبەت لەدژی ئۆکراینا لە لایەن ئەمریکا و پۆڵەنداوە قبووڵنەکراون.