خاوەن كارگەكانی عیراق دژی بەخشینی كاڵاكانی ئوردنن لە باجی گومرگی


یەكێتی پیشەسازانی عیراق دژی بەخشینی كاڵاكانی ئوردنە لە باجی گومرگی‌و تەئكید دەكاتەوە، بەخشینی كاڵاكانی ئوردن لە باج، واتە بەخشینی هەموو كاڵاكانی جیهان‌ و زیانی گەورەش بە بەرهەمی ناوخۆیی دەگەیەنێت.

عەلی سوبەیح سەرۆكی یەكێتی پیشەسازانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەخشینی كاڵاكانی ئوردن لە باجی گومرگی كارێكی زۆر خراپە، چونكە بەفرت‌و فێڵی بازرگانی كاڵا‌و بەرهەمی وڵاتانی دیكە دەبرێتە ئوردن‌و لەوێ‌ لەسەری دەنوسرێت كە دروستكراوی ئوردنە، بەمەش بەخشینی كاڵاكانی ئوردن وەكو ئەوەیە كاڵاكانی هەموو جیهان لە باجی گومرگی ببەخشرێن.

ئاماژەی بەوەشكردووە: بڕیاری ژمارە 199 كە حكومەتی عیراق دەریكردووە، دەبێتەهۆی وەستانی بەرهەمی ناوخۆیی‌و زیان بە كەرتی پیشەسازی دەگەیەنێت، ئەوە لەكاتێكدایە كارمەندانی ئەو كەرتە‌و سوودمەندانی بە 4 ملیۆن‌و 500 هەزار كەس مەزەندە دەكرێن.

كۆتایی مانگی ڕابردوو حكومەتی عیراق‌و ئوردن ڕێككەتنێكی ئابووری فراوانیان ئیمزاكرد، بەپێی ئەو ڕێككەوتنە 371 كاڵا‌و بەرهەمی ئوردنی لە باجی گومرگی دەبەخشرێن‌و شارێكی پیشەسازی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات دروست دەكرێت، هەروەها عیراق ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك بەكەمتر لە نرخی بازاڕ بە ئوردن دەفرۆشێت.