جووتیارانی بەسرە داوا دەكەن ڕێگە بە هاوردەكردنی تەماتە نەدرێت

جووتیارانی پارێزگای بەسرە لەدژی هاوردەكردنی تەماتە خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا‌و داواش لە سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكەن پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆیی بكات‌و ڕێگە نەدات، تەماتە هاوردە بكرێت.

جووتیارانی قەزای زوبێر لە پارێزگای بەسرە خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا، لەدژی هاوردەكردنی تەماتە لەوڵاتانی دراوسێ‌‌و جێبەجێ نەكردنی بڕیارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ قەدەغەكردنی هێنانی ئەو بەرهەمە لەوكاتانەی لەناوخۆدا پێدەگات.

بەوتەی ئەو جووتیارانە، ڕۆژانە بڕێكی زۆر تەماتە هاوردەی بازاڕەكانی پارێزگای بەسرە‌و پارێزگاكانی تر دەكرێت، ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر نرخی ئەو تەماتە هەیە كە لەناوخۆدا بەرهەم دەهێندرێت.

هەروەها داوایان لە سەرۆك وەزیرانی عیراق كرد، پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆیی بكات‌و ڕێگە بە هاوردەكردنی تەماتە نەدات‌و ئەو بڕیارەی وەزارەتی كشتوكاڵ بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆدا، هاوردەكردنی بەروبومی كشتوكاڵی قەدەغە دەكات.

لە پارێزگای بەسرە زیاتر لە 3 هەزار كێڵگەی تەماتە هەن كە بەشێكی زۆریان دەكەونە سنووری قەزای زوبێرەوە، ساڵانەش لە وەرزی زستاندا جووتیارانی بەسرە 350 تاوەكو 500 هەزار تۆن تەماتە بەرهەم دەهێنن‌و بەشێكی زۆریش لەو بەرهەمە هەناردەی پارێزگاكانی تری عیراق دەكرێت.