بازگانانی گه‌رمیان کێشه‌کانیان ده‌گه‌یه‌نن به‌ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی

به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانایان که‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه‌ به‌رۆکی گرتون و بۆیان چاره‌سه‌ر ناکرێت بازرگانانی گه‌رمیان سه‌ردانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ده‌که‌ن و کێشه‌کانیان ئاراسته‌ی سه‌رۆک و ئه‌ندامانی ژوور ده‌که‌ن.

ڕۆژی 2019/2/7 سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی و ئه‌ندامانی کارگێڕی ژوور پێشوازیانکرد له‌نوێنه‌رانی بازرگانانی گه‌رمیان که‌چه‌ند داواکاریه‌کاین ئاراسته‌ی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی کرد بۆ چاره‌سه‌رکردنیان.

نوێنه‌ری کاسبکارانی گه‌رمیان، له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا داوایانکرد ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی، به‌زوترین کات کاربکات بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌وگرفته‌کانیان که‌ماوه‌یه‌که‌ ڕوبه‌ڕویان بۆته‌وه‌ و بۆته‌ هۆکاری بێزاربونی بازرگانان له‌کاتی هاورده‌کردنی پێداویستی له‌ مه‌رزی په‌روێزخانه‌وه‌.

داوایانکرد که‌ هه‌وڵبدرێت به‌ لاردنی بڕێکی زۆر له‌و پارانه‌ی که‌ به‌ناوی دڵنیای و پشکنینی کاڵا که‌ بۆ هه‌ر کاڵایه‌ک 25 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت، چاره‌سه‌رکردنی خزمه‌تگوزاری له‌مه‌رزه‌که‌دا که‌ هیچ جۆره‌ خزمه‌تگوزاریه‌ک له‌و مه‌رزه‌دا نه‌کراوه‌ که‌ئه‌مه‌ش بازرگانانی نیگه‌ران کردووه‌.

نوێنه‌ری بازرگانانی گه‌رمیان داواشیانکرد ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی یه‌کێک له‌کۆبونه‌وه‌کانیان له‌گه‌رمیان ئه‌نجامبدات و هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌وکێشه‌و گرفتانه‌ بانگهێشت بکرێن و به‌یه‌کده‌نگ چاره‌یه‌کیان بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی، به‌بازرگانانی گه‌رمیانی ڕاگه‌یاند: هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ی ڕوبه‌ڕووی بازرگانانی گه‌رمیان بۆته‌وه‌ جێگه‌ی ناره‌حه‌تی ئێمه‌یه‌ وه‌ به‌شێکی زۆری له‌وکێشانه‌ دبنه‌ هۆی بێزاربونی بازرگانان و واده‌کات ئاراسته‌ی کاری ده‌روازه‌یان بگۆڕن، هه‌ربۆیه‌ به‌پێی داواکاریه‌کانیان ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان قسه‌ده‌که‌ین و کێشه‌کانتان ده‌گه‌یه‌نین تا کاری له‌سه‌ربکرێت و بازرگانان بێزارنه‌بن له‌کاری هاورده‌کردنی کاڵا له‌سنوری په‌روێزخانه‌وه‌.