عیراق دوو ملیار دۆلاری كڕینی وزەی كارەبا‌و غازی سروشتی ئێران قەرزدارە

وەزیری نەوتی ئێران ڕایدەگەیەنێت، عیراق بەبڕی 2 ملیار دۆلار قەرزداری وزەی كارەبا‌و غازی سروشتی ئێرانە‌و گەمارۆكانی ئەمریكاش لە شەڕی هەشت ساڵەیان لەگەڵ عیراق قورسترە.  

بێژەن زەنگەنە, وەزیری نەوتی ئێران ڕایگەیاند، عیراق دوو ملیار دۆلاری كڕینی وزەی كارەبا‌و غازی سروشتی ئێران قەرزدارە، هەروەها لەدوای سەپاندنی گەمارۆ ئابووریەكانی سەر تارانەوە، عیراق ڕێككەوتنی هەناردەكردنی نەوتی كەركوكی بۆ ئێران ڕەتكردۆتەوە. 

بەپێی ڕێككەوتنەكەش پێشتر نەوتی كەركوك هەناردەی پاڵاوگەكانی كرماشان‌و چەند پارێزگایەكی تری عیراق دەكرا، لەبەرامبەریشدا ئێران هەمان بڕە نەوتی لە بەندەرەكانی باشوورەوە تەسلیمی عیراق دەكردەوە. 

وتیشی، گەمارۆكانی ئەمریكا لە شەڕی هەشت ساڵەیان لەگەڵ عیراق قورسترە، بەڵام ڕێگەنادەن واشنتۆن هەناردەی نەوتی تاران ڕابگرێت. 

لەبارەی پەشیمان بوونەوەی چەند وڵاتێكیش لە كڕینی نەوتی ئێران بێژەن زەنگەنە وتی، جگە لە توركیا، هیچ ولاتێكی ئەوروپی نەماوە كە نەوتی وڵاتەكەی بكڕێت، یۆنان‌و ئیتاڵیاش لەگەڵ ئەوەی لەلایەن ئەمریكاوە بەدەركرابوون لە سزاكان، بەڵام لە كڕینی نەوتی وڵاتەكەی پاشگەزبوونەتەوە.