واده‌ی هه‌ڵگرتنی خاڵه‌ گومرگییه‌كان ئاشكرا ده‌كرێت


بڕیاره‌ 17ی ئه‌م مانگه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و بازگه‌ نایاساییه‌نه‌ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق هه‌ڵبگیرێن، كه ‌ماوه‌ی ساڵێكه‌ به‌ڕووی هه‌رێمی كوردستاندا دانراون.

به‌رپرسی ئابووری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ڕایده‌گه‌یانێت هه‌ولێر و به‌غدا گه‌یشتونه‌ته‌ رێكه‌وتنی كۆتای بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێناسی گومرگی له‌سه‌رتاسه‌ری ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی عێراق.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، لابردنی ئه‌و بازگا نایاساییانه‌ سودێكی باشی ئابووری بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، بازرگانان و خاوه‌ن كارگه‌كان چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێكردنی بڕیاری حكومه‌تی ناوه‌ندین.

عوسمان شوانی، سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ئابووری ده‌ڵێت: “به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگ جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ 75 تا 80%ی پێناسه‌ی گومرگی هه‌رێم كراوه‌ته‌ بنه‌مای پێناسه‌ تازه‌كه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، “پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێم و به‌غدا هه‌بێت، به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌ته‌ پیشه‌سازییه‌كان, كارگه‌ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان”.

له‌ماوه‌كانی ڕابردوودا به‌هۆی دانانی ئه‌و خاڵه‌ گومرگییه‌ نایاساییانه, زیانى زۆر به‌ بازرگانانی كورد گه‌یشت، به‌وپێیه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌نته‌رێكی گرنگی بازرگانی و ترانزێت هه‌ژمار ده‌كرا بۆ ته‌واوی پارێزگاكانی عێراق، به‌ لابردنی ئه‌و خاڵانه‌ جوڵه‌یه‌كی باش ده‌كه‌وێته‌وه‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.