حكوومەتی هه‌رێم 50% قەرزی بانكە ئەهلیەكان دەداتەوە

 

 بە پێی زانیاریەكان لە كۆتاییەكانی مانگی رابردوودا لە رێگەی بانكی ناوەندی عێراق وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بڕی 300 ملیار دیناری داوەتەوە قەرزی بانكە ئەهلیەكان.


شێروان ئەنوەر مستەفا، سەرۆكی هاوبەندیی بانكە ئەهلییەكان لە هەرێمی كوردستان راگەیاند: دانەوەی قەرزە بانكە ئەهلیەكان لە لایەن وەزارەتی دارایی بەردەوامی هەیە، ” ئەمساڵ وەجبەیەكی تری پارەی بانكە ئەهلیەكان دراوەتە بەشێك لە بانكەكان”.


ئەو ئاماژەی بەوەشدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی قەیرانی دارایی و هاتنی داعش لە ساڵی 2014، نزیكەی ملیارێك دۆلاری لە بانكە ئەهلییەكان راكێشاوە و خەرجی كردووە، ” دوای باشتر بوونی دۆخی دارایی تاوەكو ساڵی 2018 نزیكەی 50%ـی ئەو قەرزانەی داوەتەوە كە 500 ملیۆن دۆلار بووە.”


شێروان ئەنوەر، جەختی كردەوە بۆیە لە رێگەی بانكی ناوەندی عێراق دەدرێت، چونكە بانكی ناوەندی هەرێم بۆتە بەشێك لە بانكی ناوەندی عێراق، گوتیشی:” ئەو پارەیە كە (وەدائیع) واتا پارەی خەڵك بوو لە بانكەكانی هەولێر سلێمانی كاتی خۆی بەهۆی تەنگژەی دارایی خەرجكراوە “.


ئەو بەرپرسەی بانكە ئەهلیەكان ئاشكراشیكرد بانكی ناوەندی 3 مانگ جارێك بڕە پارەیەك دەداتە بانكەكان، گوتیشی:” ئەو بڕە پارەیە لە بانكی ناوەندی دەدرێتە لقی هەرێمی كوردستان بانكی ناوەندی و لەوێشەوە دەدرێتە وەزارەتی دارایی و پاشان دابەشی سەر بانكەكان دەكرێت”.  


بڕیارە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بانكی ناوەندی عێراق ئەو 500 ملیۆن دۆلارقەرزەی دیكەش بداتەوە بە بانكە ئەهلییەكان. لەمساڵیشدا بە سێ بەشی تر دەبێت زۆرینەی ئەو قەرزانەی ماون پاكتاو دەكرێن و دەدرێنەوە بانكەكان.