کوردێک فێڵ لە كۆمپانیای مارسیدس دەکات

به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی رایگەیاند،‌ هێزه‌كانیان‌ ده‌ستبه‌سه‌ر سێ ئوتومبیلی‌ بارهه‌ڵگردا ده‌گرن كه‌ له‌لایەن تۆمەتبارێكەوە  لە سویده‌وه‌ بەفێڵ پێنج ئۆتۆمبیلی مارسیدس هێنرابون بۆسلێمانی. 
 
له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا ئه‌مرۆ سێشەممە5/2/2019، نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د به‌رێوه‌به‌ری‌ به‌شی‌ راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئاماری‌ كاروچالاكییه‌كانی‌ مانگی‌ ڕابردوی‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ خسته‌ڕو، هاوكات ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی‌ سێ ئوتومبیلی‌ بارهه‌ڵگری‌ راگییاند كه‌ له‌سویده‌وه‌ به‌فێل هێنرابون بۆ سلێمانی‌.
 
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمپانیای‌ مارسیدس بێنز راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانییه‌وه‌ كرد كه‌ پێنج ئوتومبلیان له‌لایه‌ن تۆمه‌تبارێكه‌وه‌ به‌فێل هێنراوه‌ بۆ شاری‌ سلێمانی‌، چوار له‌و ئۆتومبیلانه‌ گه‌یشتبونه‌ سلێمانی‌.
 
رونیشیكردەوە، دواتر پاش كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ وردو به‌سه‌رپه‌رشتی‌ راسته‌وخۆی‌ به‌رێز عه‌میدی‌ مافپه‌روه‌ر ئاسۆ ته‌ها عه‌بدولكه‌ریم به‌رێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، شه‌وی‌ رابردو توانرا له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر سێ ئوتومبیلیاندا بگیرێت.
 
وتیشی‌ ، ئه‌و تۆمه‌تباره‌ی‌ تاوانه‌كه‌ی‌ ئه‌نجامداوه‌ به‌ره‌و شوێنێكی‌ نادیار هه‌ڵهاتوه‌، هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ئوتۆمبیله‌كان به‌ره‌و شاری‌ كه‌ركوك براوه‌و له‌ئێستادا له‌هه‌ماهه‌نگیداین له‌گه‌ڵ پۆلیسی‌ كه‌ركوك بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی‌ ئوتومبیله‌كه‌ی‌ دیكه‌. 
 
راشیگه‌یاند، كۆمپانیای‌ ناوبراومان ئاگادار كردۆته‌وه‌ كه‌ سێ ئوتومبیلیان دۆزراوه‌ته‌وه‌ له‌سلێمانی‌، له‌به‌رامبه‌ردا كۆمپانیای‌ مارسیدس بێنز سوپاس‌و ده‌ستخۆشی‌ خۆیان ئاراسته‌ی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ كردووه‌.
 
هه‌ر له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا به‌رێوه‌به‌ری‌ به‌شی‌ راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئاماری‌ كاروچالاكییه‌كانی‌ مانگی‌ ڕابردوی‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ خسته‌ڕو.
 
ئاشكراشیكرد، له‌به‌رواری‌ 1/1/2019 تا 31/1/2019، له‌لایه‌ن به‌ش‌و بنكه‌كانی‌ سه‌ر به‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانییه‌وه‌و به‌بڕیاری‌ دادوه‌ر توانراوه‌ 695 تۆمه‌تبار به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌نجامدانی‌ چه‌ند تاوانێكی‌ جۆراوجۆر ده‌ستگیركراون‌و روبه‌روی‌ دادگا كراونه‌ته‌وه‌.