مووچه‌ی‌ که‌سوکاری‌ ئه‌نفالکراوان زیاد ده‌کرێت

له‌سه‌ر داوای‌ کۆمه‌ڵه‌ی‌ داکۆکیکار له‌ مافی‌ قوربانیان ‌و که‌سوکاری‌ ئه‌نفالکراوه‌کانی‌ گه‌رمیان، سه‌رۆکی‌ حکومه‌ت بڕیاری‌ زیادکردنی‌ مووچه‌ی‌ وارسی ئه‌نفالکروان ده‌دات ‌و کێشه‌ی‌ زیندانییه‌ سیاسییه‌کانی‌ ئه‌نفالکراوانیش چاره‌سه‌ر ده‌کرێت.
شوان محه‌مه‌د، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ کۆمه‌ڵه‌ی‌ داکۆکیکار له‌ مافی‌ قوربانیان ‌و که‌سوکاری‌ ئه‌نفالکراوه‌کانی‌ گه‌رمیان، رایگه‌یاند: “سه‌رۆکی‌ حکومه‌ت له‌سه‌ر داوای‌ کۆمه‌ڵه‌که‌مان بڕیاریداوه‌ مووچه‌ی‌ وارسی‌ ئه‌نفالکراوان زیادبکات تا ئه‌وکاته‌ی‌ پرۆژه‌یاسای مووچه‌که‌یان له‌ په‌رله‌مان هه‌موار ده‌کرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها کێشه‌ی‌ زیندانییه‌ سیاسییه‌کانی‌ ئه‌نفالکراوانیش چاره‌سه‌ر بکرێت”.
ناوبراو روونیکرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ نوری‌ عوسمان، راوێژکاری‌ سه‌رۆکی‌ حکومه‌ت په‌یوه‌ندی به‌ هاوڕێ پێشڕه‌و، سه‌رۆکی‌ کۆمه‌ڵی‌ داکۆکیکار له‌ مافی‌ قوربانیان ‌و که‌سوکاری‌ ئه‌نفالکراوه‌کانی‌ گه‌رمیان کردووه‌ و ته‌ئکیدیکردووه‌ته‌وه‌ که‌ نێچیرڤان بارزانی‌، سه‌رۆکی‌ حکومه‌تی‌ هه‌رێم بڕیاریداوه‌ به‌جێبه‌جێکردنی‌ ئه‌و داخوازییانه‌ی‌ که‌ له‌ سه‌ردانه‌که‌یدا له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌که‌یانه‌وه‌ پێی ڕگه‌یه‌ندرابوو.
شوان محه‌مه‌د، ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، که‌ کۆمه‌ڵه‌که‌یان داوای‌ کردووه‌ رێژه‌ی‌ سه‌دا (50)ی‌ مووچه‌ی‌ وارسی ئه‌نفالکراوان زیادبکرێت، به‌ڵام تا ئێستا نازانرێت ئه‌و رێژه‌یه‌ی که‌ زیادکراوه‌، بڕه‌که‌ی‌ چه‌نده‌، وتیشی:”کێشه‌ی‌ زیندانییه‌ سیاسییه‌کانی‌ ئه‌نفالکراوانیش بریتبووه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌رکه‌سێک خۆی‌ به‌ زیندانی‌ سیاسی بزانێت پێویست ده‌کات دوو شایه‌ت له‌گه‌ڵ خۆی‌ ببات بۆ هه‌ولێر بۆ سه‌لماندنی‌ زیندانیکردنه‌که‌ی‌، ئه‌مه‌ش گرفتی‌ هاتوچۆ‌و خه‌رجی‌ زیاده‌ی‌ دروست ده‌کرد، بۆیه‌ چیتر شایه‌ته‌کان ده‌توانن له‌ دادگاکانی‌ که‌لار، شایه‌تی‌ بۆ زیندانیانی‌ سیاسیی ئه‌نفالکراوان بده‌ن”.
هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵه‌که‌یان داوایان له‌سه‌رۆکی‌ حکومه‌ت کرد، ژماره‌یه‌ک له‌ نه‌وه‌ی‌ ئه‌نفالکراوان دابمه‌زرێنێت، وتیشی:”بڕیاردراوه‌ به‌ دامه‌زراندنی‌ (36) کوڕ ‌و کچی‌ وارسی ئه‌نفالکراو، له‌گه‌ڵ دروستکردنی‌ مۆنۆمێنت ‌و نووسینگه‌یه‌ک بۆ مه‌زاری‌ شه‌هیدانی‌ ئه‌نفالکراو له‌ دێ بنه‌ که‌ ده‌که‌وێته‌ سنووری‌ ناحیه‌ی رزگاری-یه‌وه‌”.
سەرچاوە: خەندان