بڕى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى عێراق و داهاته‌كه‌ى راگه‌یه‌ندرا


وته‌بێژى وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بڕى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى له‌ ماوه‌ى مانگى كانوونى دووه‌مى 2019 ئاشكرا كرد و رایگه‌یاند، داهاته‌كه‌ى زیاتر له‌ شه‌ش ملیار دۆلار بووه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا “عاسم جیهاد” وته‌بێژى وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌ “بڕی ئه‌و نه‌وته‌ی مانگی رابردوو هه‌نارده‌ كراوه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ بڕى 113 ملیۆن و 111 هه‌زار و 437 به‌رمیل”.

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌ “كۆی داهاتی نه‌وتی فرۆشراوی مانگی رابردوو شه‌ش ملیار و 352 ملیۆن و 753 هه‌زار دۆلار بووه‌”.

“عاسم جیهاد” ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو “بڕی ئه‌و نه‌وته‌ی مانگى رابردوو له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراقه‌وه‌ هه‌نارده‌ كراوه‌ 110 ملیۆن و 245 هه‌زار و 281 به‌رمیل بووه‌ و له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی پارێزگاى كه‌ركوكیشه‌وه‌ دوو ملیۆن و 315 هه‌زار و 381 به‌رمیل هه‌نارده‌ كراوه‌”.

وته‌بێژى وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق باسى له‌وه‌شكردووه‌ “رۆژانه‌ به‌ تێكڕا بڕی سێ ملیۆن و 649 هه‌زار و 775 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ كراوه‌ و هه‌ر به‌رمیلێكیش به‌ 56 دۆلار و 16 سه‌نت فرۆشراوه‌”.