وەزارەتی پەیوەندییەكانی عیراق بڕیاریدا نرخی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بەڕێژەی لەسەدا 25 كەمبكرێتەوەو خێراییەكەشی زیادبكرێت.
وەزارەتی پەیوەندییەكانی عیراق ڕۆژی 31ی 1ی 2019 ستراتیژێكی نوێی پەسەندكرد، كە لەلایەن (نەعیم سەجیل ڕوبەیعی) وەزیری پەیوەندییەكانەوە سەرپەرشتی جێبەجێكردنی دەكرێتو تیایدا تەئكید كراوەتەوە كە پێویستە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بگەیەنرێتە فراوانترین ڕووبەری عیراق.
بەپێی بڕیارەكەش، نرخی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی بەڕێژەی لەسەدا 25 بۆ سەرجەم كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كەم دەكرێتەوەو دەبێت ئەوانیش نرخی ئەو خزمەتگوزاریە لەسەر هاوڵاتیان كەم بكەنەوە.
هەروەها بڕیاردراوە كە هەر پارێزگایەك بڕێكی دیاریكراو ئینتەرنێتی بەخۆڕایی پێبدرێت، بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بگەیەندرێت بەهاوڵاتیان.
وەزارەتی پەیوەندییەكانی عیراق داواشی لە سەرجەم كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كردووە، لەچوارچێوەی ڕێنماییەكانو بە لەبەرچاوگرتنی ڕێكارە یاساییو ئەمنیو بازرگانیە كارپێكراوەكان، خێرایی هێڵەكانیان زیادبكەنو نرخەكەشی كەم بكەنەوە.