خواست له‌سه‌ر ئاڵتون له‌ ٢٠١٨ دا له‌سه‌دا ٧٤ زیادی كردووه‌


بانكه‌ ناوه‌ندییه‌كان له‌ ٢٠١٨دا له‌سه‌ر ئاستی جیهان زۆرترین كڕینی ئاڵتونیان تۆمار كردووه‌ له‌ ١٩٧١ه‌وه‌ تا ئێستا، رووسیا و توركیاش دوو له‌و وڵاتانه‌ی جیهانن كه‌ زۆرترین ئاڵتونیان كڕیوه‌.

كۆنسه‌ی ئاڵتونی جیهانی WGC راپۆرتێكی له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاو كردۆته‌وه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ته‌نیا له‌ ٢٠١٨دا و له‌لایه‌ن بانكه‌ناوه‌ندییه‌كانه‌وه‌ 651.5 ته‌ن ئاڵتون كڕاوه‌و ئه‌مه‌ش زۆرترین بڕه‌ كه‌ له‌ ١٩٧١ه‌وه‌ تۆمار كراوه‌.

له‌چوارچێوه‌ی ”بێ به‌هاكردنی دۆلار” كه‌ رووسیا له‌ ئابووریه‌كه‌یدا په‌یره‌وی ده‌كات، ساڵی رابردوو 274.3 ته‌ن ئاڵتونی كریوه‌و له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌می ئه‌و وڵاتانه‌دایه‌ كه‌ ئاڵتونیان كڕیوه‌.

توركیاش ساڵی رابردوو ستۆكی ئاڵتۆنی خۆی گه‌یاندۆته‌ 51.5 ته‌ن و به‌مه‌ش بۆته‌ دووهه‌مین وڵاتی جیهان له‌ كڕینی ئاڵتوندا.

كازاخستانیش لای خۆیه‌وه‌ له‌ماوه‌ی 8 ساڵی رابردوودا به‌رده‌وام ستۆكی ئاڵتونی خۆی زیاد ده‌كات و ساڵی رابردوو گه‌یاندووەتە 50.6 ته‌ن و له‌ ریزبه‌ندی سێهه‌می ئه‌و وڵاتانادایه‌ كه‌ ئاڵتونیان كڕیوه‌.