گۆرینی ئاڕاستەی چەند شەقامێكی سلێمانی ئەمڕۆ چووە بواری جێبەجێكردنەوە


بەرەبەیانی  ئەمڕۆ هەینی هاتوچۆی سلێمانی بڕیاری گۆڕینی ئاراستەی چەند شەقامێکی شارەكەی خستەبواری جێبەجێکردنەوە.
 
لەبەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 1 ی شوباتی ٢٠١٩ تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانیی گۆڕینی ئاڕاستەی چەند شەقامێكی شارەكەی خستەبواری جێبەجێكردنەوە  و لە ئێستاشدا شۆفێران  لەلایەن تیمەکانی هاتوچۆوە ڕێنمایی دەکرێن لە شەقامەکان و بە پێی ئەو پلانە نوێیە جوڵە دەکەن.
 
پێشتر هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاندبوو لە رۆژی( ١ی شوباتی ٢٠١٩) ئاڕاستەی هەندێك لە شەقامەکانی  گۆڕانکاری بەسەر دێت دواتریش لە ڕێگای دانانی فلێکس لەسەر شەقامەکان شۆفێران ئاگادار  کرانەوە بۆ گۆڕانکاری لە شەقامەکاندا.
 
بەپێی گۆڕانكارییەكانیش شەقامی مامۆستایان (بەردەم قائیمقامیەت) لە گۆڕەپانی سلێمانی پاڵاس بەیەک ئاراستە و بە چوار ساید سەردەکەوێتە سەرەوە بۆ فلکەی یەکگرتن.
 
هەروەها شەقامی حەمدی (قەنات) لە فلکەی یەکگرتن بەیەک ئاراستە و چوار ساید، دەڕوات بەرەو فلکەی فریاکەوتن.
 
هاوكات، شەقامی پیرەمێرد، لە فلکەی یەکگرتن بەرەو گۆڕەپانی سەرا دەبێتە یەک ئاراستەو بە چوار لەین ئوتومبێل دێتە خوارەوە.
 
 شەقامی مەولەویش، جوڵەی ئوتومبێل تیایدا پێچەوانە دەبێتەوە و لە گۆڕەپانی سەرا بەرەو گۆڕەپانی سلێمانی پاڵاس دەبێتە یەک ئاراستە.
 
هاتووچۆی سلێمانی داواش لە شۆفێران دەکات پابەندی ڕێنمایی و ئاماژەکانی پۆلیسی هاتووچۆبن بۆ ئەوەی ئاستەنگ دروست نەبێت.