نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی كانوونی دووەم دیاری كرا


بەرێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی نرخی كاژێرەكانی ئەمێپری كارەبای موەلیدە ئەهلییەكانی بۆ مانگی كانوونی دووەم راگەیاند. هاوكات خشتەی پێدانی كارەبای ئەو موەلیدانەی بۆ مانگی شوبات راگەیاند.

سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی كانوونی دووەمی 2019 رایگەیاند” نرخی كاژێرێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بە 40.75 دینار بۆ مانگی یەك دیاریكرا، و موەلیدەكانیش بەتێكڕایی لەنێوان 240 بۆ 280 كاتژمێر كاریان كردووە، بەوەش نرخی ئەمپێرێك لە نێوان 10.000 بۆ 11.000 هەزار دینار دەبێت و نرخی ئەمپێڕێك لە گەرەكێك بۆ گەرەكێكی تر جیاواز دەبێت.”

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ،سەبارەت بەبەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ مانگی شوبات، ووتی: ” بەرنامەی مۆلیدە ئەهلییەكان رۆژانە لە كاژێر 2:00 ی پاشنیوەڕۆ بۆ 1:00 شەو، و بەیانیانیش كاژێر 7:00 _8:30 بەیانی دەبێت، هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی نەبوو لەو كاتانەدا مۆلیدە ئەهلییەكان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین دەكەن، ، بەڵام رۆژانی هەینی بەیانیان كار ناكەن و لەبری ئەوە پێش نیوەروان كاتژمێر 11:30 كار بە مۆلیدەكان دەكەن.”

ووتیشی: ” پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی 10 خولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای مۆلیدە تێنەپەرێت ، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.”

سەبارەت بە نرخی كارەبای یەكەكانی نیشتەجێبوون و سیتیەكان نرخی كیلۆواتێك بە (214) دینار دیاریكرا، بەڵام ئەگەر سیتیەكان وێستگەكانیان 11 كەیڤی بوو ئەوا 5 دینار و وێستگەكەی 33 كەیڤی بوو 10 دیناری بۆ زیاد دەكرێت.