له‌سلێمانی داوا ده‌کرێت ژووری بازرگانی که‌رتی په‌له‌وه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی سیستماتیک رێکبخات


به‌مه‌به‌ستی پاڵپشتی کردن له‌ به‌روبومی ناوخۆ کۆبونه‌یه‌ک له‌ بینای قایمقامیه‌تی سلێمانی به‌ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م ئه‌و فه‌رمانگانه‌و لایه‌نانه‌ی کۆشتی مریشک به‌کارده‌هێنن ئه‌نجامدرا.

وه‌سفی خه‌لیل، راوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ”دوایی ئه‌وه‌ی له‌ کۆبونه‌وه‌ی پێشوو بریاردرا بۆ ماوه‌ی مانگێک هاورده‌کردنی مریشکی به‌ستوو قه‌ده‌غه‌ بکرێت له‌ پارێزگای سليمانی، ئه‌مرۆ به‌مه‌به‌ستی پاڵپشتی کردن له‌ به‌روبومی ناوخۆ کۆبونه‌یه‌کی تر له‌ بینای قایمقامیه‌تی سلێمانی ئه‌نجامدرا”.

وه‌سفی خه‌لیل راشیگه‌یاند ”له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا ستایشی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی کراو، داواکرا ژووری بازرگانی به‌هاوکاری له‌گه‌ڵ خاوه‌نکاران به‌رهه‌می په‌له‌وه‌ر به‌ شێوه‌یه‌کی سیستماتیک رێکبخات میکانزمێک بۆ سه‌ربڕین و خستنه‌ بازاری ده‌ستنیشان بکات”. 

وه‌سفی خه‌لیل وتیشی ” له‌ماوه‌ی رابردوودا ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلیمانی چه‌ندین پرۆژه‌ی به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌وپێشبردن‌و به‌هێزکردنی که‌رتی کشتوکاڵ ئه‌نجامداوه‌ و  پرۆژه‌ی به‌سیستماتیک کردنی به‌رهه‌می مریشکیش ئه‌نجام ده‌ده‌ین”.