کۆنفرانسی خواردن‌و کشتوکاڵ له‌نێوان کوردستان و هۆڵه‌ندا به‌رێوه‌ده‌چێت


کۆنفرانسی خواردن‌و کشتوکاڵ له‌نێوان کوردستان و هۆڵندا به‌رێوه‌ده‌چێت، یاسین ڕه‌حیم، جێگری سه‌رۆكی ژوور و بورهان عه‌لی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ژوور به‌یاوه‌ری ژماره‌یه‌ک خاوه‌نکار و جوتیاری نمونه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌شدارن و هاوڵاتیانی هۆله‌ندی و بازرگانان سه‌ردانی کۆنفرانسه‌که‌ ده‌که‌ن.

یاسین ڕه‌حیم، جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ”وه‌ك ژووری بازرگانی سلێمانی به‌شدارین له‌م كۆنفرانسه‌دا و كۆمه‌ڵێك ئامار و داتامان ئاماده‌كردوه‌ ده‌رباره‌ی كه‌رتی كشتوكاڵی له‌پارێزگای سلێمانی له‌سه‌رجه‌م بواره‌ جیاوازه‌كاندا له‌كۆنفرانسه‌كدا خستمانه‌ڕوو، شاره‌كه‌مان خاوه‌نی زه‌ویه‌كی به‌پیته‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵیه‌كان زۆرتین خانووی پلاستیكی تێدایه‌”.

جێگری سه‌رۆكی ژوور له‌ كۆنفرانسه‌كدا جه‌ختی له‌وه‌ كردوه‌ ”هه‌رێمی كوردستان و شاری سلێمانی پێوستی به‌وه‌یه‌ كۆمپانیا هۆڵه‌ندیه‌كان بێن له‌بواری كشتوكاڵدا كار بكه‌ن و جێده‌ستی خۆیان به‌جێبهێڵن وكه‌رتی كشتوكاڵ به‌ره‌وه‌پێش به‌رن”.

یاسین ڕه‌حیم راشیگه‌یاند ”وه‌ك ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی پێشوازی له‌ كۆمپانیا هۆڵندیه‌كان ده‌كه‌ین و هه‌موو ئاسانكاریه‌كیان بۆ ده‌كه‌ین وپستیوانیان ده‌كه‌ین”.

ئازاد محه‌مه‌د، جوتیاری نمونه‌ی رایگه‌یاند ”چه‌ندین به‌رووبوومی کشتوکاڵی کوردستانم به‌ جلی کوردیه‌وه‌ له‌کۆنفرانسه‌که‌دا نمایش کرده‌ که‌ بریتین له‌ که‌شک و دۆینه‌ و تۆڵه‌که‌ و هه‌نار و بنێشته‌ تاڵ و قه‌زوان و روبه‌هه‌نار و شۆکه‌ … ئه‌وه‌ی کورد شانزی پێوه‌بکات من لێره‌ به‌ هۆڵه‌ندیه‌کانی ئاشنا ئه‌که‌م و ئه‌وانیش زۆر سه‌رسامن به‌ به‌رووبوومه‌کان”.

ئازاد محه‌مه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد ”ده‌ستخۆشی له‌ ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ئه‌که‌م، ده‌ستنیشانیان کردم بۆ به‌شداری کردن له‌م کۆنفرانسه‌ له‌ وڵاتی هۆڵندا، ئامانجی من ئه‌وه‌یه‌ بیرۆکه‌ ئاڵوگۆڕ بکه‌م و بیرۆکه‌ی تازه‌ بهێنمه‌وه‌ بۆ کوردستان و خزمه‌تی خاک و نیشتمان بکه‌م”.