یه‌كێتى ژووره‌ بازرگانیه‌گانى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كۆده‌بێته‌وه‌

شاندێکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی ھەرێمی کوردستان لەئێستادا لەشاری بەغدان بەمەبەستی کۆبونەوە له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی ھەرێم رایگەیاند” له‌ئێستادا شاندێکی ژوورە بازرگانیەکانی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی دکتۆر دارا جەلیل خەیات سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی ھەرێم و سەرۆکی هه‌ر سێ ژوورە بازرگانیەکانی کوردستان لەشاری بەغداین لەسەر بانگهێشتى به‌رێز عادل عه‌بدولمه‌هدى، سەرۆک وەزیرانی عێراق‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بەمەبەستی چاره‌سه‌ر كردنى ئەو کێشەو گرفتانەی لەنێوان هه‌رێمى كوردستان‌و عێراق له‌ئارادان‌و په‌یوه‌ندیدارن به‌کەرتی بازرگانی‌و پیشەسازییه‌وه”.

سەرۆکی ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوەدا ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق‌و وەزارەته‌كانى بازرگانى‌و پلاندانان‌و ته‌ندروستى‌و بانكى ناوه‌ندى عێراق‌و ده‌سته‌ى گشتى باجى عێراق‌و ده‌سته‌ى گومرکی‌و ده‌سته‌ى دەروازە سنوریەکان‌و بەرێوبەرایەتیە پەیوەندیداره‌كان بەکەرتی بازرگانی‌و پیشەسازی‌و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان لەو کۆبونەوەیەدا بەشدار ده‌بن كه‌وا بڕیاره‌ سبه‌ینێ ئه‌نجام بدرێت.

سیروان محه‌مه‌د وتى “یه‌كێتى ژووره‌ بازرگانیه‌كانى ھەرێمی کوردستان چەند خاڵێکی دیاری کردوە بۆ قسەکردن لەسەر ئەو کێشانەی کە ھەیەو رووبەڕی بازرگانانى هه‌رێم دەبێتەوە‌و ئاستەنگی دروست کردوە بۆ کەرته‌ ئابورییه‌كان‌و له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی چەند خاڵێکی خستۆتەڕوو بۆ چارەسەر کردنی سەرجەم کێشەو گرفتەکان”.
 
کۆبونەوەکە بە بەشداری ھەموو ژوورە بازرگانیەکانی عێراق ده‌بێت کە باس لە کێشەکانی خۆیان دەکەن وە ژووری بازگانی سلێمانیش ئەم کێشانەی بەلاوە گرنگبووە کە باس بکرێت و چارەسەر بکرێت:-
1ـ پێشكه‌ش كردنى پڕۆژه‌ى یه‌كخستنى تۆماركردنى هێماو ناوه‌ بازرگانیه‌كان له‌نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند‌و پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌ش بۆ دانانى ستورێك بۆ ئه‌و گرفتانه‌ى به‌هۆى نه‌بونى هه‌ماهه‌نگى نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن.
2ـ پێویستى زیادكردنى نوێنه‌رى یه‌كێتى ژووره‌ بازرگانیه‌كانى عێراق‌و نوێنه‌رى یه‌كێتى ژووره‌ بازرگانی‌و پیشه‌سازییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بۆ لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان به‌مه‌به‌ستى یه‌كخستنى باج‌و گومرك له‌نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند.
3ـ گفتوگۆ كردن سه‌باره‌ت به‌ئاماده‌كردنى لیستى پابه‌ندبونه‌ دارایى‌و كارگێڕى‌و باجانه‌ى پێویسته‌ له‌سه‌ر بازرگانان بیاندات له‌كاتى هێنانى شمه‌ك‌و كاڵاكانیان بۆ عێراق له‌ده‌روازه‌ سنورییه‌كانه‌وه‌.
4ـ گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌فراوان كردنى چالاكى كۆمپانیاكانى ئاڵوگۆڕى دراو له‌هه‌رێم‌و رێگه‌پێدانیان به‌ئه‌نجامدانى كارى حه‌واڵه‌كردن‌و رێكخستنى ئه‌و كارانه‌ به‌پێى یاسا‌و به‌هاوكارى ژووره‌ بازرگانیه‌كان.
5ـ بڕیارى ئەنجومه‌نى وه‌زیران به‌رز ده‌نرخێنین سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵگرتنى خاڵه‌ گومركییه‌كان له‌نێوان پارێزگاكان‌و هیوادارین له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع به‌زوترین كات بچێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.