د.بەرهەم: پێویستە عێراق‌ و بانكی نێودەوڵەتی هەمەهانگی زیاتر لە‌نێوانیاندا هەبێت


سەرۆك كۆماری عیراق هاریكارییەكانی بانكی نێودەوڵەتی بە گرنگ وەسف دەكات بۆ فراوانكردنی بوارەكانی وەبەرهێنان‌و گەشەپێدانی توانا مرۆیی و داراییەكانی عێراق. 

د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی سەلام پێشوازیكرد لە وەفدێكی بانكی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی میرزا حەسەن بەرێوەبەری جێبەجێكار ‌و راگری ئەنجومەنی كۆمەڵەی بانكی نێودەوڵەتی. 

لەو دیدارەدا سەرۆك كۆمار دووپاتیكردەوە: كە پێویستە عێراق‌و بانكی نێودەوڵەتی هەمەهانگی زیاتر لە‌نێوانیاندا هەبێت تاوەكو ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی‌و پێشكەوتنی وڵات، هەروەها ئاماژەی بە پێویستی زیادكردنی هەلی كار‌و بەگەرخستنی پرۆژەكانی گەشەپێدانی ئابووری‌و كۆمەڵایەتی كردەوە لە سەرجەم ناوچەكانی عیراقدا. 

لەلای خۆیەوە سەرۆكی وەفدی بانكی نێودەوڵەتی پشتیوانی بۆ عێراق دووپاتكردەوە‌و هیوای خواست كە ئاسۆی هاریكاریی فراوانتر بكرێت لە گشت بوارەكاندا، كە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی عێراق.