پەرلەمانتارێكی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە بودجەی 2019ی عێراق پلەی دامەزراندنی زیاتری بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كردووە كە دەگاتە 270 هەزار پلە.
خالید جەشعەمی پەرلەمانتاری عێراق لە لیژنەی نەزاهە سەر بە رەوتی حیكمەی نیشتیمانی رایگهیاند، بودجە مووچەی هەرێمی كوردستانی بۆ پێنج ترلیۆن و 440 ملیار دینار بە زیادكردنی ترلیۆنێك و 620 ملیار دینار لە پشكی پێشوویان زیاد كردووە بەناونیشانی پلەی دامەزراندن كە دەكاتە 270 هەزار پلە.
هاوكات پەرلەمانتارێكی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە وەك لە یاسای بودجەی 2019دا هاتووە، بەغدا پابەندە بە رەوانەكردنی بڕی 552 ملیار دیناری مانگانە وەك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێك ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەندیش نەبێت بە هەناردنی ئەو بڕە نەوتەی رێككەوتنی لەسەر كراوە.
شێروان میرزا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت، یاسای بودجەی 2019 تەرخانكردنی بڕی 522 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هێزی پێشمەرگە لەخۆ دەگرێت و لەو بڕە 454 ملیار دینار بۆ فەرنمانبەرانە و 68 ملیاریش بۆ پێشمەرگەیە و دووپاتی كردەوە كە بەغدا پابەندە بە رەوانەكردنی 52 ملیار دینارەكە مانگانە تەنانەت ئەگەر هەرێم نەوتەكەیشی بۆ هەناردە نەكات.
شەوی چوارشەم تا بەرەبەیانی پێنجشەمی رابردوو پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر تەواوی مادەكانی بودجەی 2019ی عێراق دا كە بڕەكەی 112 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی بوو بە داهاتی 88 ملیار دۆلار و هەناردەكردنی بڕی 3.88 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە و فرۆشتنی بەرمیلێك بە 56 دۆلار، لەو كاتەی قەبارەی كورتهێنان لە بودجەكە گەیشتە 19.2 ملیار دۆلار كە لە قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی و زیادبوونی نرخی نەوت لە نرخی دیاریكراو پڕ بكرێتەوە.