“ھێڵی ئاسمانی تورکی ھەفتانە ٧ گەشتی لە نێوان ئیستانبوڵ-سلێمانی دەبێت”

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تایبەت بە گەشتەکانی نێوان تورکیا-سلێمانی تاھیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی رایگەیاند کە ھێڵی ئاسمانی تورکی ھەفتانە ٧ گەشتی لە نێوان ئیستانبوڵ و سلێمانی دەبێت.

دوای نزیکەی ١٦ مانگ لە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا، ئەمرۆ یەکەم گەشتە ئاسمانییەکانی هەردوولا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستی پێکردەوە و ھێڵی تورکش ئێرلاین یەکەم گەشتی خۆی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەنجامدا یەکەم فڕۆکە لە کاتژمێر ٠٣:١٥ خولەک نیشتەوە.

لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا تاهیر عەبدوڵا خۆشحاڵی خۆی دەربارەی کرانەوەی گەشته‌ ئاسمانییه‌كانی نێوان سلێمانی و توركیا نیشاندا و پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گشت لایەنەک کرد و وتی”پێش ١٦ مانگ و دوای گشتپرسی(ریفراندۆم)، ئاسمانی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقەوە داخرا، لە رۆژی ١٥ی ئاداری ٢٠١٨ ەوە کە ئاسمانی عێراق کرایەوە بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا وڵاتی تورکیا گەمارۆیەکی خستە سەر ئاسمانی فڕۆکەخانەی سلێمانی و ئاسمانی خۆی بۆ ئەو گەشتانەی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی رێکدەخران، دوای ھەوڵێکی زۆر لەلایەن بەرپرسان و دڵسۆزانی ئەم وڵاتەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان دواجار حکوومەتی تورکیا گەیشتە ئەو بڕیارەی لە کاتژمێر ١٢ی شەوی ٢٤ لەسەر ٢٥ی ئەم مانگە ئاسمانی تورکیا بکاتەوە و ئەمڕۆش یەکەم گەشت لەلایەن ھێڵی ئاسمانی تورکی، ئەنجامدرا.

ھێڵی ئاسمانی تورکی ھەفتانە ٧ گەشتی لە نێوان ئیستانبوڵ-سلێمانی دەبێت. لە ماوەی رابردوودا ھەرێمی کوردستان و فڕۆکەخانەی سلێمانی بە قەیرانی ئەم کێشەیەدا رۆیشت و کێشەی زۆری بۆ ھاووڵاتیان دروست کرد. پێویست دەکات بە شێوازێک مامەڵە بکەین کە ئەم دەزگایانە بەردەوام بن لە کارکردن و گەشەسەندن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتیان، ھیوادارین جارێکی تر ئەم کێشەیە روونەداتەوە و ھیچ فڕۆکەخانەیەک تووشی کێشەی وا نەبێتەوە.”

هاوکات لەو بارەیەوە دانا محەمەد، بەرپرسی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەمەوبەر رایگەیاندبوو، “دوایی ئەوەی حکوومەتی تورکیا رۆژی پێنجشەممە لەڕێگەی فڕینامەیەکەوە بەفەرمی گەمارۆ ئاسمانییەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ھەڵگرت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکەم گەشتی ھێڵی ئاسمانی تورکی گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و گەشتەکانی نێوان ھەردوولا دەستی پێکردەوە”.

شایەنی باسە کە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان دوای ئەوە هات کە ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستانی عێراق و چەند ناوچەیەکی رێکنەکەوتوو ئەنجامدرا و حكوومه‌تى توركيا بۆ دوو جار سزاکانی به‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانی درێژکردەوە.