یەکەم گەشتی ئاسمانی تورکیا بۆ سلێمانی ئه‌نجامدرا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە دوای بڕیاری تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ فڕۆکەخانەی سلێمانی، یەکەم گەشتی نێوان ھەردوولا لە رێگەی ھێڵی ئاسمانی تورکش ئێرلاین ئەنجامدراو فڕۆکەیەکی ئەو ھێڵە کە لە ئیستانبوڵەوە ھاتبوو و بە ژمارەیەک سەرنشینەوە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی نیشتەوە.

بەرپرسی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی، دانا محەمەد لەو بارەیەوە وتی: “دوایی ئەوەی حکوومەتی تورکیا رۆژی پێنجشەممە لەڕێگەی فڕینامەیەکەوە (NOTAM) بەفەرمی گەمارۆ ئاسمانییەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ھەڵگرت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکەم گەشتی ھێڵی ئاسمانی تورکی گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و گەشتەکانی نێوان ھەردوولا دەستی پێکردەوە”.

لەدوای دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، ھێڵی ئاسمانیی تورکی ھەفتانە حەوت گەشتی ئاسمانیی لە نێوان ئیستانبوڵ – سلێمانی-دا ئەنجام دەدات.

لە رۆژی ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠١٧ و لە چوارچێوەی راپۆرتی فڕۆکەوانیی حکوومەتی ناوەندیی عێراق وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەڕێوەچونی پڕۆسەی ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بە رووی فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی داخران.

دوای ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراقی، تورکیا لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ راپۆرتێکی فڕۆکەوانی بڵاوکردەوە و تەواوی ئەو گەشتە ئاسمانییانەی ھەڵوەشاندەوە کە لە کایەی ئاسمانی تورکیاوە بۆ ئەم دوو فڕۆکەخانەیە ئەنجام دەدرا.

لە ١٥ی ئاداری ٢٠١٨دا بە بڕیاری حکوومەتی ناوەندی عێراق قەدەغەی فڕینی لەسەر ھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی ھەڵگیرا، بەو ھۆیەوە گەشتەکانی تورکیا بۆ ھەولێر دووبارە دەستیپێکردەوە، بەردەوامیش بە قەدەغەی سەر فرۆکەخانەی سلێمانی درا.

دوای نزیکەی ١٦ مانگ لە بەردەوامی قەدەغەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و ھەڵسەنگاندنەکانی حکوومەتی تورکیا، بڕیاردرا بە ھەڵگرتنی قەدەغەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لە رۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ ەوە، ئەمڕۆش ھێڵی ئاسمانیی تورکی یەکەم گەشتی ئاسمانی خۆی ئەنجامدا و ھەفتانەش حەوت گەشتی ئاسمانیی لە نێوان ئیستانبوڵ-سلێمانی-دا ئەنجامدەدات.

ھەڵگرتنی قەدەغەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لە لایەن حکوومەتی تورکیا و دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان ھەردوولا، کاردانەوە و خۆشحاڵی زۆری بەرپرسانی حکوومی و فڕۆکەخانەکە و بازرگان و چین و توێژە جیاجیاکانی بەدوای خۆیدا ھێناوە.

بڕیارە ئەمڕۆ بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی، تاھیر عەبدوڵا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تایبەت لەسەر ئەو بابەتە و زیانەکانی فڕۆکەخانەکە لە ماوەی رابردوودا قسە بکات.

پێشتر بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە رایگەیاند، بەردەوامی قەدەغەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی زیانی گەورەی بە فڕۆکەخانە و گەشتەکانی گەیاندووە، بەشێوەیەک لەسەدا ٣٦ی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە کەمی کردووە و لە ساڵی ٢٠١٨ دا فڕۆکەخانەکە رۆژانە ١٥ ھەزار دۆلار زیانی کردووە و کۆی گشتی ئەو زیانەش لە ماوەی ساڵەکەدا گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار دۆلار.